رادیۆی ده‌نگ
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له راپۆرتێكیدا تیشك ده‌خاته سه‌ر پرسی مافه‌كانى مناڵان له گه‌رمیان و مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا.
كلیك له‌م فایله‌ى خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه به‌شێوازی PDF
له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كى رادیۆی ده‌نگ به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان له رادیۆكه، مانگانه راپۆرتێكى ورد و بنكۆڵكاریی له‌باره‌ى پرسێكى په‌یوه‌ست به حكومه‌تى خۆجێییه‌وه ئاماده ده‌كات، له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا راپۆرتى ئه‌م مانگه‌ى تایبه‌ته به مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ پرسی مافه‌كانى مناڵان.
به‌هۆی ئه‌وه‌ى مافه‌كانى مناڵان فراوانن، بۆیه راپۆرته‌كه ته‌نها چوار بوارى روماڵكردوه كه بریتین له: لایه‌نى ماف و یاسا، لایه‌نى په‌روه‌رده، لایه‌نى توندوتیژی و لایه‌نى كاركردنى مناڵان، تیایدا به‌شێوه‌یه‌كى ورد به‌دواداچونى بۆ كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به‌و بوارانه كردوه له‌سه‌ر زارى چالاكوان و پسپۆڕ و به‌رپرسانى حكومییه‌وه.
هاوكات له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده گه‌ڵاڵه كراون، بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نى فه‌رمی كاریان له‌سه‌ر بكات له‌وباره‌یه‌وه.
له‌خواره‌وه ده‌قی راپۆرته‌كه به‌شێوه‌ى تێكست ده‌خوێننه‌وه.
راپۆرتێك له‌باره‌ى: مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت لەگەڵ پرسی مافه‌كانى مناڵان لە گه‌رمیان
پێشه‌كى:
مافه‌كانى مناڵان، له بواره هه‌ره گرنگه‌كانى مافه‌كانى مرۆڤن، به‌وپێیه‌ى مناڵان سه‌رمایه‌ى مرۆیی داهاتوى هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كن. بۆیه یه‌كه‌كه‌مان به باشی زانی راپۆرتی ئه‌مجاره‌ى ته‌رخان بكات به شیكاری دۆخی مافه‌كانى مناڵان له‌گه‌رمیان و مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵی دا.
به‌وهۆیه‌ى مافه‌كانى مناڵان زۆر فراوانن، بۆیه پێمان نه‌كرا هه‌مو بوار و لایه‌نێكى روماڵ بكه‌ین، به‌ڵكو ته‌نها چوار بوارمان ده‌ستنیشان كردوه كه ئه‌وانیش: لایه‌نى ماف و یاسا، لایه‌نى په‌روه‌رده، لایه‌نى توندوتیژی و لایه‌نى كاركردنى مناڵان.
به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت
یه‌كه‌م: دۆخی مناڵانى گه‌رمیان له‌ڕوى مافه‌وه
1. دۆخى مافی مناڵان له گه‌رمیان چۆنه؟
به وته‌ى ئاگادار و شاره‌زایان، دۆخی مافه‌كانى مناڵان چ له‌ناو خێزان و چ له ده‌ره‌وه و قوتابخانه‌شدا، باش نییه.
تایبه‌ت به ناوه‌نده‌كانى خوێندن، به‌ڕێز عه‌باس، مامۆستا و شاره‌زا له بوارى په‌روه‌رده، ده‌ڵێت: مناڵ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له ناوه‌نده‌كانى خوێندن هه‌ست به‌و ئارامى و ئاسوده‌ییه ناكات كه خۆى ئه‌یه‌وێت، چ له روى بیناوه چ له روى پێداویستیه‌وه چ له روى دۆخى ده‌رونیه‌وه چ له روى ره‌خساندنى ژینگه‌یه‌كى له باره‌وه.
هاوكات، نیگار ره‌شید، مامۆستا له قه‌زاى كه‌لار، باسى له‌وه‌كرد: دۆخى مناڵ له سلكى په‌روه‌رده‌دا خراپه، هۆكاره‌كه‌شى بۆ ئه‌و دۆخه داراییه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه پشكى گه‌وره‌ى به‌ر مناڵ كه‌وتوه و كاریگه‌رى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر به‌جێهێشتوه، چونكه مناڵ له گه‌شه‌كردن و فێربوندایه.
جگه له‌وه‌ش له ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌شدا، دۆخه‌كه خراپه.
له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان و ئه‌ندامى رێكخراوى وادى ئه‌ڵمانى له گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد له‌ناو كۆمه‌ڵگا و خێزانه‌كان هۆشیاری به‌رامبه‌ر به مافه‌كانى مناڵان زۆر كه‌مه.
وتى: خێزانه‌كان پێویستیان به سه‌نته‌ر و راهێنانه بۆ ئه‌وه‌ى بزانن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مناڵ‌دا بكه‌ن و په‌روه‌رده‌ى بكه‌ن.
نیگار ره‌شید، له‌وباره‌وه ده‌ڵێت: هاوكات له روى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیشه‌وه دۆخه‌كه خراپه كه سیسته‌مێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی تۆكمه و جێگیرمان نیه تاوه‌كو مناڵ توشى زیان نه‌بێت، بۆیه هه‌تاوه‌كو ئه‌و دۆخه ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیه‌ى كه هه‌یه به‌رده‌وامى هه‌بێت دۆخى مناڵ خراپتر ئه‌بێت.
"دۆخى مناڵان له نێو لادێكان زۆر خراپتره له سه‌نته‌رى شاره‌كان، چونكه نه حكومه‌ت نه خێزانه‌كانیش گرنگى ئه‌وتۆ به مناڵ ناده‌ن و پێداویستیه‌كانیان بۆ دابین ناكه‌ن". له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان و ئه‌ندامى رێكخراوى وادى ئه‌ڵمانى له گه‌رمیان واى وت.
ده‌شڵێت: دۆخى دارایی خێزانه‌كان بارودۆخه‌كه‌ى بۆ مناڵان زۆر خراپ كردوه، به‌جۆرێك به زه‌حمه‌ت هه‌ندێك پێداویستى بۆ مناڵ دابین ده‌كرێت، ئێمه وه‌ك خۆمان یارى ده‌به‌ینه لادێكان بۆ ئه‌وه‌ى مناڵان یارى بكه‌ن، پێیانه‌وه دیاره كه چه‌ن تامه‌زرۆن.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: مناڵانى سه‌نته‌رى شاره‌كان باشترن وه‌ك له لادێكان.
هاوكات، حه‌یده‌ر فازڵ، به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى گه‌رمیان، وتى: به‌شێوه‌یه‌كى گشتى مناڵ كۆمه‌ڵێك گرفتیان هه‌یه به‌تایبه‌ت له كه‌رتى په‌روه‌رده و ته‌ندروستى كه پێشێلى زۆرى مافى مناڵ ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و دۆخه‌ى كه ئێستا هه‌یه له كه‌رتى په‌روه‌رده وایكردوه كاریگه‌رى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر مناڵ هه‌بێت له په‌روه‌رده و فێركردن.
وتیشى: ئه‌مه‌ش وایكردوه جیاوازى چینایه‌تى دروست ببێت، چونكه ئه‌و خێزانانه‌ى كه بارودۆخى مادییان باشه مناڵ ده‌خه‌نه قوتابخانه ئه‌هلیه‌كان.
"مناڵ له قۆناغى مناڵى تاوه‌كو قۆناغى پێگه‌یشتن قۆناغێكى زۆر هه‌ستیاره چ له روى هزرى و ده‌رونى و پێگه‌یشت و كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه، چونكه مناڵ په‌یوه‌سته به ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه". یوسرا یوسف محه‌مه‌د، پسپۆرى دروستى ده‌رونى و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
باسى له‌وه‌شكرد: كاتێك مناڵ له قۆناغى مناڵیدا روبه‌ڕوى هه‌ندێك ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست ده‌بێته‌وه وه‌ك سزادان و شكاندنه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ست كه ئه‌خرێته به‌رده‌م ویست و پێداویستیه‌كانى، ئه‌مه واده‌كات كاریگه‌رى له‌سه‌ر درو‌ونى دروست ببێت، بۆیه ژینگه‌ى مناڵ په‌یوه‌سته به ئه‌و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى كه تیایه‌تى.
2. پێشێلكاریی هه‌یه، به‌ڵام سكاڵا تۆمار ناكرێت
به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌ى مافی مرۆڤى گه‌رمیان، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به مافه‌كانى مناڵان هه‌یه، به‌ڵام كێشه ئه‌وه‌یه كه سكاڵا تۆمار ناكرێت.
حه‌یده‌ر فازڵ، وتى:: له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر توندوتیژییه‌ك یان پێشێلێكى مافى مناڵان، سكاڵاتۆمار ناكرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و پێشێلكاریانه‌ى كه له ناوه‌نده‌كانى خوێندن ده‌كرێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: نه مناڵ نه خێزانه‌كان نه مامۆستایانیش سكاڵا تۆمار ناكه‌ن، به‌تایبه‌ت ساڵى رابردو هیچ سكاڵایه‌ك نه‌بوه و پێشێلكارییه‌ك نه‌بوه تاوه‌كو راسته‌وخۆ ته‌داخول بكه‌ین.
3. دۆخی مناڵانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت
یه‌كێك له‌و توێژانه‌ى زیاتر روبه‌ڕوى كێشه و ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه له كۆمه‌ڵگه‌دا، مناڵانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌تن، كه ئه‌مانه به‌تایبه‌تى له روى خوێندن و په‌روه‌رده‌وه كێشه‌كه‌یان گه‌وره‌تره.
دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان هه‌ندێك كارى پێكه‌وه‌یمان هه‌یه كه ته‌واوكه‌رى یه‌كترین، بۆ نمونه ئه‌وان په‌یمانگاى نابیستانیان هه‌یه كه ئێمه تاقیكردنه‌وه‌كانیان بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ین به‌تایبه‌ت قۆناغى نۆى بنه‌ڕه‌تى، ته‌نانه‌ت داواشمان له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌كردوه به نوسراوى فه‌رمى كه ئه‌م خوێندكارانه له دواى ئه‌و قۆناغه بتوانن درێژه به خوێندنیان بده‌ن له په‌یمانگا پیشه‌ییه‌كان و قۆناغه‌كانى تر.
وتیشى: یه‌كێكى دیكه له‌و بابه‌تانه‌ى كه كارمان له‌سه‌ر كردوه مناڵانى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌تن له ناوه‌نده‌كانى خوێندن ده‌خوێنن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و مناڵانه وه‌ك مناڵى ئاسایی نین له كاتى تاقیكردنه‌وه‌كان به‌تایبه‌ت مامۆستای تایبه‌تمان بۆ دابین كردون ئه‌گه‌رچى رێژه‌كه زۆرنیه به‌ڵام دابه‌شمانكردون به‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌ندانه‌ى كه خوێندكارى خاوه‌نپێداویستى تیایه.
هاوكات، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان ده‌ڵێت:ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردوه ئه‌وانه‌ى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌تن په‌روه‌رده‌ى تایبه‌تیان هه‌بێت له ناوه‌نده‌كان و مامۆستای تایبه‌تیان بۆ دابنرێت، ئه‌مه‌ش به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده كه بگونجێت.
4. حكومه‌ت چ ده‌زگایه‌كى هه‌یه بۆ پاراستنى مناڵان؟
له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان و ئه‌ندامى رێكخراوى وادى ئه‌ڵمانى له گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به مناڵان زۆره، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ده‌زگای كارا نییه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا.
وتى: به‌داخه‌وه شوێنێكى ئه‌وتۆمان نیه كه كارابێت بۆ به‌ده‌مه‌وه هاتنى مناڵان له‌كاتى پێشێلكردنى مافه‌كانیان به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى كه توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و بتوانێت له خۆى بگرێت و مافه‌كه‌ى وه‌ربگرێته‌وه.
ئه‌و چالاكوانه پێیوایه بونى سه‌نته‌رى تایبه‌تمه‌ندى راوێژكاریی بۆ خێزانه‌كان گرنگه.
ن وتى: له گه‌رمیان سه‌نته‌رى راوێژكارى تایبه‌ت به مناڵانمان نیه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له بونى هه‌ر كێشه‌یه‌كى خێزانى مناڵ ببرێته ئه‌وێ یاخود له بونى هه‌ر كێه‌یه‌كى دیكه‌ى تایبه‌ت به خۆى.
"له به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان 2 به‌شمان هه‌یه تایبه‌ته‌به پاراستنى مافى مناڵان و چاودێرى خێزان، ئه‌م دوبه‌شه كار له‌سه‌ر پرسه‌كانى مناڵان ئه‌كه‌ن به‌تایبه‌ت به‌شى چاودێرى خێزان سه‌رپه‌رشتى سه‌نته‌ره‌كان و كاروبارى مناڵان ده‌كه‌ن". ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
ده‌شڵێت: له سه‌نته‌ره‌كان كارى په‌روه‌رده و فێركردن و به‌هێزكردنى وانه‌كان بۆ مناڵان ده‌كرێته‌وه و كراوه‌ته‌وه، هاوكات توێژه‌رمان هه‌یه له سه‌نته‌ره‌كان كه سه‌رپه‌رشتى كه‌یسه‌كانى مناڵان ده‌كه‌ن، كه پێویستیان به پێداویستى قوتابخانه هه‌یه و بارى داراییان باش نیه یاخود لایه‌نى ته‌ندروستى و هه‌ر پێداویستیه‌كى دیكه بۆیان دابین ده‌كرێت به هاوكارى رێكخراوى یونسێف، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه‌سانى خۆبه‌خشیش هه‌ن كه هاوكارییان كردون.
له سنورى گه‌رمیان ئه‌نجومه‌نى پاراستنى مناڵانى گه‌رمیان پێكهێنراوه كه ئه‌ندامى كۆى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌یوه‌ست به مناڵانى تێدایه، ئامانجى كردنه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش كه له‌سه‌ر راسپارده‌ى رێكخراوى یونسێفه بوه بۆ پاراستنى مناڵانه له هه‌ر دۆخێك‌دا بێت، هاوكات كاركردنى له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كانى په‌یوه‌ست به مناڵانه‌وه.
ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: له ساڵى رابردو ئه‌نجومه‌نى پاراستنى مناڵانمان دروستكرد به‌هاوكارى رێكخراوى یونسێف له ئاستى باڵا له ئیداره‌ى گه‌رمیان كه له هه‌مو لایه‌نه‌كانى په‌یوه‌ست به مناڵانه‌وه ئه‌ندامن له ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا به‌سه‌رۆكایه‌تى ئێمه.
ده‌شڵێت: ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كۆبونه‌وه‌ى ده‌ورى و مانگانه‌ى خۆى هه‌یه له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كانى په‌یوه‌ست به مناڵانه‌وه، له كۆبونه‌وه‌كه‌شدا كۆى ئه‌و پێشنیار و سه‌ره‌نجانه‌ى كه ئه‌خرێنه رو دواتر ئێمه بڕیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ین و ده‌یكه‌ین به كۆنوسێك و ده‌ینیرینه‌وه بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه له ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا هه‌ن جگه له ئێمه (ئیداره‌ى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى گه‌رمیان، فه‌رمانگه‌ى داواكارى گشتى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاسایشى گه‌رمیان، نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ئه‌وقافى گه‌رمیان و رێكخراوى مناڵپارێزى كوردستان)ـن.
له‌به‌رامبه‌ردا له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان و ئه‌ندامى رێكخراوى وادى ئه‌ڵمانى له گه‌رمیان، پێیوایه مناڵان به گشتى له گه‌رمیاندا پشتگوێخراون، به‌تایبه‌تى مناڵانى لادێنشین.
وتیشى: پێویسته سندوقى تایبه‌ت به ته‌رخانكردنى پاره هه‌بێت بۆ دۆسیه‌كانى مناڵان له هه‌مو رویه‌كه‌وه.
ئه‌وه‌ى حكومه‌ت جه‌ختی لێكردوه‌ته‌وه له بوارى مافه‌كانى مناڵاندا، زیاتر بریتی بوه له دروستكردنى سه‌نته‌رى تایبه‌ت بۆ بره‌ودان به تواناكانى مناڵان، له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا ژماره‌یه‌ك سه‌نته‌ر له قه‌زا و ناحیه‌كانى گه‌رمیان هه‌یه.
هاوكار موكه‌ره‌م، لێپرسراوى سه‌نته‌رى پاراستنى مناڵانى كه‌لار، ده‌ڵێت: به درێژایی ساڵ سه‌نته‌ره‌كه‌مان كراوه‌ته‌وه و مناڵان له ته‌مه‌نى 6 ساڵ تاوه‌كو 17 ساڵ ده‌توانن سودمه‌ندبن له چالاكییه‌كانمان.
وتیشی: چه‌ندین خولى جۆراوجۆرمان هه‌یه وه‌ك خولى هونه‌ر و وه‌رزش و كارى ده‌ستی و به‌هێزكردنى خوێندن.
به‌پێى ئه‌و داتایانه‌ى كه له سه‌نته‌ره‌كه‌دا هه‌یه، له ئێستادا كه ده‌وامى ناوه‌نده‌كانى خوێندن هه‌یه رۆژانه 50 بۆ 60 مناڵ سه‌ردانى سه‌نته‌ره‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌وته‌ى خۆیان له پشوى هاویندا ژماره‌یه‌كه دوهێنده و زیاتریش ده‌بێته‌وه.
هاوكار موكه‌ره‌م، هه‌روه‌ها وتیشى: له ئێستاشدا كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردوه ئه‌و مناڵانه‌ى كه سه‌ردانمان ده‌كه‌ن رۆژانه هه‌زار دیناریان بۆ خه‌رج بكرێت وه‌ك پاڵپشتیه‌ك و بۆ به‌رده‌وامى سه‌ردانیان.
له‌لایه‌كى تره‌وه، هه‌ردى فه‌خره‌دین، لێپرسراوى سه‌نته‌رى چالاكى و پاراستنى مناڵانى قه‌زاى كفرى، وتى: سه‌رباری ئه‌وه‌ى سه‌نته‌ره‌كه‌مان به‌رده‌وام كراوه‌یه و چالاكی بۆ مناڵان هه‌یه، هاوكات راهێنانى هۆشیاریش هه‌یه چ بۆ مناڵان چ بۆ دایكان و باوكان، كه خۆى له چۆنیه‌تى په‌روه‌رده‌كرن و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن ده‌بینێته‌وه چ مناڵ له‌گه‌ڵ خێزان و ده‌روبه‌رى، چ دایك و باوك له‌گه‌ڵ مناڵی دا.
لایخۆشیه‌وه، هاوژین جومعه، لێپرسراوى سه‌نته‌رى پاراستنى مناڵانى ناحیه‌ى رزگاریى، ده‌ڵێت: هاوشێوه‌ى سه‌نته‌ره‌كانى تر ئێمه‌ش چالاكى جۆراوجۆرمان هه‌یه چ له په‌روه‌رده و هۆشیارى و به‌هێزكردنى تواناكانى مناڵان كه راهێنانى جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێت، هه‌موشیان بێبه‌رامبه‌رن.
دوه‌م: پێشێلكاری مافه‌كانى مناڵان له بوارى په‌روه‌رده
1. ژینگه‌ى له‌بار بۆ مناڵان نه‌ره‌خسێنراوه
شاره‌زایان و پسپۆرانى بوارى په‌روه‌رده‌ى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ژینگه‌ى له‌بار بۆ مناڵ نه‌ڕه‌خسێنراوه له ناوه‌نده‌كانى خوێندندا.
به‌ڕێز عه‌باس، مامۆستا و شاره‌زا له بوارى په‌روه‌رده ده‌ڵێت: له روى په‌روه‌رده‌وه ژینگه‌یه‌كى له بار بۆ مناڵ نه‌ره‌خسێنراوه كه ئه‌وه‌ى خۆى ده‌یه‌وێت به‌ده‌ستى بهێنێت، بۆنمونه له روى بیناوه زۆر خراپین ئه‌و بینایه‌ى كه مناڵى قۆناغى 1 و 2 و 3ـى بنه‌ڕه‌تى ده‌وامى تێدا ده‌كات هه‌مان بینا قۆناغى ئاماده‌یی ده‌وامى تێدا ده‌كات، له كاتێكدا پێویسته ئه‌و بینا به‌جۆرێك بێت له‌گه‌ڵ ژینگه مناڵ بگونجێت.
ده‌شڵێت: ئه‌مه جگه له‌وه‌ى هیچ پێداویستیه‌كى بۆ دابین نه‌كراوه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش پێمان وایه به‌مه‌به‌ست واده‌كه‌ن بۆ ره‌وایه‌تى دان به قوتابخانه ئه‌هلیه‌كان و بێ به‌هاكردنى قوتابخانه حكومیه‌كان كه له ئێستادا هیچ به‌هایه‌كى نه‌ماوه وه‌ك ده‌یبینین مانگێك ده‌وامه و مانگێك ده‌وام نیه.
له هه‌مان كاتدا، نیگار ره‌شید، مامۆستا له قه‌زاى كه‌لار باسى له‌وه‌كرد: ناوه‌نده‌كانى خوێندن پڕن له كێشه‌و گرفت، یه‌كێك له‌وانه بۆ ماوه‌ى 10 ساڵه كلتورێك هاتوه‌ته ئاوه ئه‌ویش ناوى بایكۆته كه زه‌ره‌رێكى زۆر گه‌وره‌ى له مناڵ داوه و له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن پاشه‌كشه‌ى كردوه.
ده‌شڵێت: بۆیه خه‌ڵك ناچاره په‌نا بباته به‌ر قوتابخانه‌ى ئه‌هلى و ئه‌مه‌ش ئێمه‌ى مامۆستایان وایده‌بینین ئه‌مه پلان بۆ داڕێژراوه و حكومه‌ت بێبابه‌كه له كه‌رتى حكومى و بۆیه كاره‌سات روده‌دات.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: بۆیه حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به مناڵ له كه‌رتى په‌روه‌رده‌دا بێباكه، چونكه نه بینامان بینا یه و ته‌نانه‌ت به‌شێك له ناوه‌نده‌كان له زیندان ده‌چن، ئه‌و كورسیانه‌ى كه دانراون له كورسى ئه‌شكه‌نجه ده‌چن، هاوكات نه پێداویستیمان پێداویستیه، ئه‌م سه‌ر لێشێواویه‌ى كه ئێستا هه‌یه مناڵیشى گرتوه‌ته‌وه و توشى زیانى كردوه و ناشزانن خه‌ریكى چین، بۆیه حكومه‌ت هاوكارى روخانى كه‌رتى په‌روه‌رده‌ى كردوه.
2. توندو‌تیژى له ناوه‌نده‌كانى خوێندندا
توندو‌تیژى نه‌ك له نێو خێزانه‌كان، به‌ڵكو له نێو ناوه‌نده‌كانى خوێندنیش بونى هه‌یه، شاره‌زایانی بوارى په‌روه‌رده‌ش ده‌ڵێن توندوتیژییه‌كان له ئێستادا به‌شێوه‌ى ناڕسته‌وخۆن، به‌رپرسانى په‌روه‌رده‌ش رونكردنه‌وه ده‌ده‌ن.
به‌ڕێز عه‌باس، مامۆستا و شاره‌زا له بوارى په‌روه‌رده، ده‌ڵێت: توندو‌تیژى له ناوه‌نده‌كانى خوێندن زۆرخراپه و جیاواز له پێشتر به‌شێوه‌یه‌كى ناراسته‌وخۆ ئه‌نجامده‌درێت به‌رامبه‌ر به مناڵ، وه‌ك پێشتر نه‌ماوه‌ته‌وه كه ته‌نها لێدان هه‌بو.
ده‌شڵێت: جۆرى توندوتیژییه‌كان به جۆرێكه بۆ نمونه دانانى پرسیار له‌لایه‌ن مامۆستاوه كه نه‌زانێت بۆخۆى توندوتیژییه، جیاوازیكردن له نێوان كچ و كوڕ كه كوڕ به تواناتر ئه‌بینن له كچ و فه‌زڵى كوڕه‌كانیان ئه‌درێت به‌سه‌ر ئه‌مه‌ش بۆخۆى توندوتیژییه، له قۆناغى ئاماده‌یی به كچه‌كان ئه‌وترێت ئێوه نابن به هیچ كۆتاییه‌كه‌تان هه‌ر ئه‌وه‌یه هاوسه‌رگیرى ئه‌كه‌ن ئه‌مه بۆخۆى توندوتیژیی زاره‌كیه، مناڵ ناوێرێت بێته ئیداره‌وه و پرسیارێك بكات ئه‌مه بۆخۆى توندوتیژییه.
ده‌شڵێت: هیچ هه‌نگاوێك نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م بابه‌ته سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى سیسته‌مى حوكمڕانیه له‌م وڵاته‌ى ئێمه‌دا.
هاوكات، له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان و ئه‌ندامى رێكخراوى وادى ئه‌ڵمانى له گه‌رمیان وتى: توندو‌تیژى به‌رامبه‌ر به مناڵ هه‌یه چ له نێو خێزانه‌كان چ له نێو ناوه‌نده‌كانى خوێندنیش به‌هه‌مان شێوه، دابڕینى مناڵ له خوێندن بۆخۆى توندوتیژییه، مناڵ ئێستا لێى نادرێت به‌ڵكو توندو‌تیژى زاره‌كى و ده‌رونى بونى هه‌یه، به‌جۆرێكه له نێو خێزانه‌كان راى مناڵ وه‌رناگیرێت له بابه‌ته خێزانیه‌كان به‌تایبه‌ت له ته‌مه‌نى 8 بۆ 16 ساڵ به‌تایبه‌تر كچ زیاتر روبه‌ڕوى ئه‌و حاڵه‌تانه بوه‌نه‌ته‌وه كه خۆمان كارمان له‌سه‌ركردوه ئه‌مه بۆخۆى توندوتیژییه.
به پێى وته‌ى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى گه‌رمیان یه‌كێكى دیكه له‌و توندوتیژیانه‌ى كه به‌رامبه‌ر به مناڵ ده‌كرێت به‌تایبه‌ت له ناوه‌نده‌كانى خوێندن توندو‌تیژى سێكسیه كه ده‌ستدرێژى ده‌كرێته سه‌ر مناڵ.
حه‌یده‌ر فازڵ، وتیشى: له سلكى په‌روه‌رده حاڵه‌ت هه‌بوه وه‌ك گێڕانه‌وه كه ده‌ستدرێژى كراوته سه‌ر مناڵ كه ته‌مه‌نى 9 ساڵان بوه، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى سكاڵا تۆمارنه‌كراوه و نه‌بوه به كه‌یس، نه‌توانراوه كارى له‌سه‌ر بكرێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌هۆى ئه‌وه‌ى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست نه‌بێت سكاڵاتۆمار نه‌كراوه چ له لایه‌ن مناڵه‌كه‌وه چ له لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه، ئێمه‌ش ناتوانین بیسه‌لمێنین به سه‌نه‌دێك یان ئه‌وراقێك بۆ ئه‌وه‌ى رێكارى یاسایی بگرینه‌به‌ر، كه‌سیش نه‌بوه شاهێدى له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بدات.
پسپۆرێكى ده‌رونى جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه ئه‌و توندوتیژیانه‌ى به‌رامبه‌ر به مناڵ ده‌كرێت له ناوه‌نده‌كانى خوێندن، رێگه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى په‌نا بباته به‌ر خۆكوشتن كه كه‌یسى له‌وشێوه‌یه‌شمان هه‌بوه له ساڵانى رابردو.
یوسرا یوسف محه‌مه‌د، پسپۆرى دروستى ده‌رونى و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر باسى ناوه‌نده‌كانى خوێندن بكه‌ین زۆرجار یه‌كێك له هۆكاره‌كانى توندو‌تیژى به‌رامبه‌ر به مناڵ خێزانه‌كانن كه پاڵپشتى مامۆستایان و سیسته‌مه‌كه ده‌كه‌ن كه ده‌بێت توند بن و سزاى مناڵ بدرێت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك بۆچون هه‌ن كه مامۆستایان و رێنمایكاران تاوه‌كو ئێستا پێیانوایه ده‌بێت مناڵ سزابدرێت یان بشكێنرێته‌وه به‌رامبه‌ر هه‌ر ره‌فتارێك كه ئه‌نجامى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى دوباره‌ى نه‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت له نێو خێزانه‌كانیش ئه‌و فشارانه بۆ ده‌رونى مناڵ ده‌هێنرێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئه‌مه كاریگه‌رى راسته‌وخۆى ده‌رونى له‌سه‌ر ئه‌و مناڵه دروست ده‌كات به جۆرێك وا ئه‌كات په‌نا بباته به‌ر خۆ كوشتن كه له ساڵانى رابردوش حاڵه‌تى له‌وشێوه‌یه‌مان هه‌بوه.
له به‌رامبه‌ردا، دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كاره‌باى گه‌رمیان ده‌ڵێت: تونوتیژى به‌رامبه‌ر به مناڵ له ناوه‌نده‌كانى خوێندن له چاو ساڵانى رابردو كه رێژه‌كه زۆربو ئێستا كه‌مبوه‌ته‌وه به جۆرێك له دیارده‌وه بوه به حاڵه‌ت.
باسى له‌وه‌شكرد: وه‌ك په‌روه‌رده‌ش هه‌وڵمانداوه و به‌رنامه‌رێژیمان كردوه چ له رێگه‌ى كۆڕ و سیمینارى هۆشیارییه‌وه بێت چ له رێگه‌ى رێكخراوه‌كانه‌وه بێت كه له ناوه‌نده‌كان چالاكیان هه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ى هۆشیارى به مامۆستایان و مناڵان‌یش بدرێت سه‌باره‌ت به توندو‌تیژى.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له روى یاساشه‌وه ئه‌م بابه‌ته قه‌ده‌غه كراوه و رێنمایى تایبه‌تمان هه‌یه بۆ ئه‌و بابه‌ت، ته‌نانه‌ت مامۆستا سزاى كارگێڕى دراوه و پله‌كه‌ى دابه‌زێنراوه بۆ فه‌رمانبه‌ر له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر توندوتیژییه‌ك كه كردویه‌تى.
به‌پێى وتى به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى گه‌رمیان، كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردوه كه سه‌ردانى ناوه‌نده‌كانى خوێندنیان كردوه و هۆشیارییان به مناڵان داوه له بونى هه‌ر حاڵه‌تێكى توندو‌تیژى چ له ناوه‌نده‌كانى خوێندن چ له ناو خێزانه‌كان ده‌توانن سكاڵا تۆماربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌كانیان بۆ وه‌ربگیرێته‌وه.
3. دابڕینی مناڵان له خوێندن
"زۆرینه‌ى مناڵان له لادێكان له خوێندن داده‌بڕێن، چونكه كه پۆلی 6ـى بنه‌ڕه‌تى ته‌واو ده‌كه‌ن له هه‌ردو ره‌گه‌ز ناچارن بڕۆنه لادێیه‌كى دیكه بۆ خوێندن، خێزانه‌كانیش ناتوانن ئۆتۆمبیلیان بۆ دابین بكه‌ن بۆیه ناچارن له خوێندن داده‌بڕێن". له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان و ئه‌ندامى رێكخراوى وادى ئه‌ڵمانى له گه‌رمیان واى وت.
ده‌شڵێت: دۆخه‌كه له سه‌نته‌رى شاره‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه و دۆخه‌كه باشتره.
له به‌رامبه‌ردا، دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده حكومه‌ت پابه‌نده قۆناغى ئاماده‌یی له سه‌نته‌رى شاره‌كان و قه‌زا و ناحیه‌كان بكاته‌وه، به‌ڵام له لادێكان ته‌نها پابه‌نده تاوه‌كو قۆناغى 9ـى بنه‌ڕه‌تى بكاته‌وه به هه‌مو پێداویستیه‌كانیه‌وه.
ده‌شڵێت: هه‌ر خوێندكارێك كه قۆناغى 9ـى بنه‌ڕه‌تى ته‌واوده‌كات، ده‌توانێت له سه‌نته‌رى ناحیه و شاره‌كان درێژه به خوێندنى ئاماده‌یی بدات، بۆیه له لادێكان ناتوانرێت قۆناغى ئاماده‌یی بكرێته‌وه.
هاوكات، حه‌یده‌ر فازڵ، به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى گه‌رمیان، وتى: مناڵ له خوێندن داده‌بڕێنرێت به‌هۆى كاركردن و هه‌ندێك نه‌ریتى خراپى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه كه دایك و باوك خۆیان نه‌خوێنده‌وران و ده‌ڵێن بۆ مناڵه‌كانمان بخوێنن.
ده‌شڵێت: ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه هه‌ندێك مناڵ خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ته به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه خێزانه‌كان شه‌رم ده‌كه‌ن نایاننێرنه به‌رخوێندن، ئه‌گه‌رچى ئێستا دۆخه‌كه باشتره و كۆمه‌ڵێك سه‌نته‌رمان هه‌یه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: هاوكات كه له خوێندن دایانده‌بڕن هه‌ندێكیان سواڵ به مناڵه‌كانیان ده‌كه‌ن كه چه‌ندین حاڵه‌تى له‌وشێوه‌یمان هه‌یه رۆژانه و ئه‌یانبینین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له رێگه‌ى داواكارى گشتى گه‌رمیانه‌وه داوامان كردوه ئه‌و كه‌سانه روبه‌ڕوى دادگا بكرێنه‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان به هاوكارى رێكخراوى یونسێف له گه‌رمیان له رێگه‌ى 4 تیمه‌وه كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و فێرخوازانه ده‌كات كه له خوێندن دابڕاون.
دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، وتیشی: هه‌مو ده‌ستپێكى ساڵێكى نوێى خوێندن چه‌ند تیمێكمان هه‌یه كه به هاوكارى رێكخراوى یونسێف دروستكراون، سه‌ردانى ئه‌و خێزانانه ده‌كه‌ن كه مناڵه‌كانیان له خوێندن دابڕاون، به ئامانجى ئه‌وه‌ى هۆكارى دابڕانه‌كه‌ى بۆچى ده‌گه‌ڕێته‌وه و هانى بدات كه ده‌ست به خوێندن بكاته‌وه.
باسى له‌وه‌شكرد: رێژه‌یه‌كى قوتابی گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوه‌نده‌كان و رێژه‌كه‌ش ساڵانه گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت و تیمه‌كانمان زۆر ماندوده‌بن ساڵانه به‌و بابه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وامین له‌و كاره‌مان.
ده‌شڵێت: له سنورى گه‌رمیان 4 تیم دروستكراوه 2 دانه‌یان له كه‌لاره و 1 دانه‌یان له قه‌زاى كفرییه و 1 دانه‌شیان له قه‌زاى خانه‌قینه.
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان كه له‌لایه‌ن ئه‌و تیمانه‌ى پێیان دراوه و له‌لایه‌ن رێكخراوى یونسێفه‌وه جێبه‌جێكراوه، تاوه‌كو ئێستا له سنورى گه‌رمیان 430 مناڵ كه له خوێندن دابڕاون له قۆناغى بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌یی.
4. گرنگینه‌دان به پشو و لایه‌نى ته‌رفیهی
مامۆستایه‌ك جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه 2 له وانه گرنگه‌كان له په‌روه‌رده په‌راوێزخراون كه به لاى مناڵانه‌وه 2 له وانه تایبه‌ته‌كانه، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیانیش رونكردنه‌وه ده‌دات.
نیگار ره‌شید، مامۆستا له یه‌كێك له قوتابخانه‌كانى قه‌زاى كه‌لار باسى له‌وه‌كرد: بابه‌تى وانه‌ى هونه‌ر و وه‌رزش 2 له‌و بابه‌تانه‌ن كه په‌راوێزخراون، له كاتێك دو له گرنگترین وانه‌كانن بۆمناڵ، چونكه وه‌رزش وه‌زه به مناڵ ده‌به‌خشێت، هونه‌ر بیر و ته‌ركیزى مناڵ فراوان ده‌كات و ئاستى زیره‌كى دیارى ده‌كات كه یارمه‌تى ئه‌دات له وانه‌كانى باشتر بێت، كه‌چى له ناوه‌نده‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه.
هاوكات، به‌ڕێز عه‌باس، مامۆستا و شاره‌زاى بوارى په‌روه‌رده، ده‌ڵێت: له روى وانه‌كانى هونه‌ر و وه‌رزش كه تاوه‌كو ئێستا هیچ شوێنێكى وانیه مناڵ بتوانێت وێنه‌ى تیابكێشێت یان هۆڵ نیه مناڵ وه‌رزشى تێدا بكات و به 2 بابه‌تى لاوه‌كى ده‌بینرێت له كاتێكدا خۆشترین وانه‌ن له‌لاى مناڵ.
له به‌رامبه‌ردا، دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: كه‌مى پسپۆرى و نه‌بونى دامه‌زراندن له‌گه‌ڵ كه‌مى كات له ناوه‌نده‌كان، وایكردوه حه‌قى بابه‌تى هونه‌ر و وه‌رزش زۆرجار بدرێت به وانه‌كانى تر، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه تاوه‌كو ئێستا به‌شێك له مامۆستایان و ته‌نانه‌ت به‌ڕێوبه‌ره‌كانیش ئاستى تێگه‌شتنیان به‌رامبه‌ر به‌و بابه‌تانه به‌شێوه‌یه‌كه كه بابه‌ته‌كانى تر گرنگترن تاوه‌كو ئه‌و دو بابه‌ته.
وتیشى: هاوكات ژینگه‌ى بیناكانمان به جۆرێكه وایكردوه ئه‌و 2 بابه‌ته حه‌قى ته‌واویان پێنه‌درێت و به‌جۆرێك له جۆره‌كان په‌راوێزبخرێن به‌هۆى نه‌بونى شوێنى تایبه‌ت به‌و 2 بابه‌ته.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌شدا هه‌ر كارمان له‌سه‌ركردوه و ئه‌و 2 وانه‌یه ده‌خوێنرێت له ناوه‌نده‌كان.
یه‌كێكی تر له‌و كێشانه‌ى روبه‌ڕوى مناڵان بوه‌ته‌وه له ناوه‌نده‌كانى خوێندن كه‌مى كاتى پشوه‌كان وزۆرى كاتى وانه‌كانه، ئه‌مه‌ش وایكردوه مناڵ ماندوببێت.
به‌ڕێز عه‌باس، مامۆستا و شاره‌زا له بوارى په‌روه‌رده ده‌ڵێت: زۆرى كاتى وانه‌كان و كه‌مى كاتى پشو یه‌كێكه له گرفته گه‌وره‌كان و پێشێلكردنى مافى مناڵ له ناوه‌نده‌كانى خوێندن، به جۆرێكه 40 خوله‌ك وانه ئه‌خوێنێت كه‌چى 5 خوله‌ك پشوى هه‌یه فریاى ئه‌و خواردنه‌ش ناكه‌وێت كه بیكڕێت و بیخوات.
له به‌رامبه‌ردا، دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: زۆرى كاتى وانه‌كان و كه‌مى پشوه‌كان په‌یوه‌سته به بیناوه كه حكومه‌ت له ئێستادا ناتوانێت بینا دروست بكات، ئه‌مه‌ش وایكردوه بیناكانمان دو ده‌وامى و سێ ده‌وامى بێت.
ده‌شڵێت: هه‌تاوه‌كو بینا زیاتر نه‌كرێت ئێمه نتوانین كاتى پشو ده‌وامیش زیاد بكه‌ین.
سێیه‌م: توندوتیژيى
1. قه‌باره‌ى توندوتیژیى دژ به مناڵان
توندو‌تیژى به‌رامبه‌ر به مناڵان چ له نێو خێزانه‌كان بونى هه‌یه و به‌ڕاى چالاكوانان و به‌رپرسانى حكومه‌تیش حاڵه‌ته‌كه هه‌یه و كه‌یسیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته تۆماركراوه.
شیرین مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى لانه‌ى مناڵان له گه‌رمیان ده‌ڵێت: توندو‌تیژى له نێو خێزانه‌كان هه‌یه و به‌رده‌وامه، حكومه‌تیش وه‌كپێویست هیچى نه‌كردوه بۆ مناڵ و كه‌مبونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى توندو‌تیژى، ئه‌گه‌رچى هێڵى 116 هه‌بو بۆ په‌یوه‌ندیكردن له بونى هه‌ر حاڵه‌تێكى پێشێلكردنى مافى مناڵ كه به‌ده‌مه‌وه ده‌هاتن.
لایخۆشیه‌وه، حه‌یده‌ر فازڵ، به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى گه‌رمیان وتى: ئه‌و توندوتیژیانه‌ى كه به‌رامبه‌ر به مناڵ ده‌كرێت به‌تایبه‌ت له نێو خێزانه‌كان به داخراوى ئه‌مێنێته‌وه و چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش گرفته بۆ ئێمه و قه‌باره‌ى كێشه‌كه نازانرێت كه چه‌نده.
ده‌شڵێت: به‌ڵام ساڵى رابردو به‌تایبه‌ت بۆ ره‌گه‌زى مێینه و خوار 18 ساڵ هیچ حاڵه‌تێكمان نه‌بوه هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ر بوبێت و داخڵ به شێڵته‌ر كرابێت، به‌ڵام بۆ ره‌گه‌زى نێر 2 كه‌یسمان هه‌بوه ده‌ست درێژى سێكسى كراوه‌ته سه‌ر و تۆمار كراوه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: بۆ حاڵه‌ته‌كانى توندو‌تیژى هه‌تاوه‌كو سكاڵا نه‌بێت یان ئاگاداركردنه‌وه نه‌بێت ئێمه نازانین حاڵه‌ته‌كه هه‌یه یان نا، كه ئه‌مه‌ش له‌لاى ئێمه به‌پێشێلى ماف دائه‌نرێت.
2. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندو‌تیژى خێزانى چۆن كارى له‌سه‌ر دۆسیه‌كانى مناڵان كردوه؟
ئه‌یوب حسێن، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندو‌تیژى دژى ئافره‌تان و خێزان له گه‌رمیان، هاوكات لێپرسراوى نوسینگه‌ى كه‌لارى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندو‌تیژى دژى ئافره‌تان و خێزان وتى: ئه‌و حاڵه‌تى توندوتیژیانه‌ى كه له نێو خێزانه‌كان بن یان له ده‌ره‌وه‌ى خێزانه‌كان بن كه ده‌كرێته سه‌ر مناڵ له‌لاى ئێمه وه‌رده‌گیرێت و رۆژانه‌ش دێته لامان كه به‌پێى یاساى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندو‌تیژى خێزانى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین.
وتیشى: هه‌ر حاڵه‌تێك كه دێته لاى ئێمه دایك یان باوك ده‌بێت به وه‌لى ئه‌مر مناڵه‌كه و به ناوى ئه‌و سكاڵا تۆمار ده‌كات و هاوكات ئیفاده‌یشى لێوه‌رده‌گیرێت بۆ به‌رچاوڕونى دادوه‌ر، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بون كه‌سى پله دو ده‌توانێت ئه‌وه بكات، هاوكات ئه‌گه‌ر دایك یان باوك له به‌رژه‌وه‌ندى مناڵه‌كه‌یان نه‌بون ئه‌وه هاوكات ده‌توانرێت له دادگا نوێنه‌رى بۆ دابنرێت و سكاڵا تۆمار بكات به ناوى ئه‌و.
ده‌شڵێت: له بونى هه‌ر حاڵه‌تێك ئه‌گه‌ر دایك و باوكى نه‌بو له‌لایه‌نى كه‌سى پله دو توندو‌تیژى بكرێت به‌رامبه‌ر به هه‌ر مناڵێك ئه‌وه له‌لایه‌ن دادوره‌وه نوێنه‌رێكى بۆ دائه‌نرێت و به ناوى ئه‌و سكاڵا تۆمارده‌كات له به‌رژه‌وه‌ندى مناڵه‌كه بێت بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌كانى بۆ وه‌ربگیرێته‌وه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: تاوه‌كو خوار ته‌مه‌نى 18 ساڵى به‌وشێوه‌یه‌یه.
باسی له‌وه‌شكرد له‌و دۆسێیانه‌ى كه توندوتیژی خێزانین، به‌پێى یاساى ژماره 8ـى ساڵى 2011ـى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.
3. له سه‌نته‌ره‌كانى مناڵان پێشوازیی له كه‌یسی توندوتیژی ده‌كرێت
به‌رپرسێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێریی و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌لایه‌تى گه‌رمیان ئاماژه به‌وه‌ده‌كات له‌رێگه‌ى سه‌نته‌ره‌كانى مناڵانه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ى پێشێلكاریی و توندوتیژی ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به مناڵان.
هه‌ردى فه‌خره‌دین، لێپرسراوى سه‌نته‌رى چالاكى و پاراستنى مناڵانى قه‌زاى كفرى، وتى: له رێگه‌ى توێژه‌رانى ده‌رونى و كۆمه‌ڵایه‌تیمانه‌وه كه‌یسه‌كانى په‌یوه‌ست به مناڵان تۆمار ده‌كه‌ن و كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كه په‌یوه‌ندیدار بێت به توندو‌تیژى یاخود پێشێلكردنى مافه‌وه بێت یان هه‌ر كه‌یسێكى دیكه بێت.
به‌رپرسێكى دیكه باس له‌وه ده‌كات كه خول بۆ دایكان و باوكان ده‌كه‌نه‌وه.
هاوكار موكه‌ره‌م، لێپرسراوى سه‌نته‌رى پاراستنى مناڵانى كه‌لار، ده‌ڵێت: جگه له كاره‌كانى په‌ره‌دان به به حه‌ز و تواناى مناڵان، دایك و باوك راده‌هێنرێت كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مناڵه‌كانیاندا بكه‌ن، هاوكات له بونى هه‌ر كێشه‌و گرقتێك چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، بۆ نمونه مناڵى واهه‌یه ده‌ستدرێژى ده‌كرێته سه‌ر و ناتوانێت به ماڵه‌وه بڵێت له رێگه‌ى توێژه‌ره‌كانمانه‌وه هه‌وڵى چاره‌سه‌رى ده‌درێت.
هاوكات هاوژین جومعه، لێپرسراوى سه‌نته‌رى پاراستنى مناڵانى ناحیه‌ى رزگاریى، ده‌ڵێت: رۆشتوینه‌ته ناو ناوه‌نده‌كانى خوێندن و سیمینارى هۆشیاریمان پێشكه‌شكردوه سه‌باره‌ت به مافه‌كانى مناڵان و چۆنیه وه‌رگرتنه‌وه‌ى مافه‌كانیان.
4. نه‌بونى خانه‌ى تایبه‌ت به مناڵان
خانه‌ى تایبه‌ت به داڵده‌دانى ئه‌و مناڵانه له گه‌رمیان نیه كه ئه‌گه‌ر روبه‌ڕوى كێشه و گرفتت ببنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن تێیدا بمێننه‌وه به‌ڵكو ئاراسته‌ى سلێمانى ده‌كرێن، توندو‌تیژى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: ئه‌و خانه‌یه له هه‌یكه‌لیه‌تى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیماندا نیه.
ئه‌یوب حسێن، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندو‌تیژى دژى ئافره‌تان و خێزان له گه‌رمیان، هاوكات لێپرسراوى نوسینگه‌ى كه‌لارى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندو‌تیژى دژى ئافره‌تان و خێزان وتى: له گه‌رمیان خانه‌ى تایبه‌ت به‌و مناڵانه نیه كه كێشه‌یه‌كیان هه‌یه و دێته لاى ئێمه، چونكه له هه‌یكه‌لیه‌تى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیماندا نیه ئه‌و خانه‌یه و ئیشى ئێمه نیه، به‌ڵكو ئیشى ئێمه لێكۆڵینه‌وه له هه‌ر دۆسیه‌یه‌كى توندو‌تیژى.
وتیشى: به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆسیه‌یه‌كى له‌و شێوه‌یه‌مان هه‌بێت و مناڵێك بێته لامان و كه‌سێك نه‌بێت له‌خۆى بگرێت، ئه‌وه راسته‌وخۆ ده‌ینیرینه سلێمانى بۆ خانه‌ى مناڵان ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر فه‌رمانى دادوه‌رى هه‌بێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له گه‌رمیان دۆسیه‌ى له‌وشێوه‌یه‌مان زۆر كه‌مه كه نێردرابێتنه سلێمانى، به‌ڵكو له رابردودا 2 دۆسیه‌ى له‌وشێوه‌یه‌مان هه‌بوه ئه‌مه‌ش به بڕیارى دادوره ناردومانه ئه‌وێ.
5. گه‌رمیان بنكه‌ى پۆلیسى نه‌وجه‌وانانى نیه
له سنورى گه‌رمیان بنكه‌ى پۆلیسى نه‌وجه‌وانان نیه، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: كارمانكردوه بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و بنكه‌یه.
ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان ده‌ڵێت: یه‌كێك له پێشنیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى پاراستنى مناڵان له گه‌رمیان ئه‌وه‌یه كه بنكه‌یه‌كى پۆلیسى نه‌وجه‌وانان له گه‌رمیان بكرێته‌وه كه نیمانه و له ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستان كراونه‌ته‌وه، كه ئه‌م بنكه‌یه هه‌ر بابه‌تێك په‌یوه‌ستبێت به مناڵانه‌وه كه توندوتیژیان به‌رامبه‌ر بكرێت یان هه‌ر حاڵه‌تێكى دیكه راسته‌وخۆ ئه‌م بنكه‌یه ده‌ڕوات به ده‌میه‌وه و حاڵه‌ته‌كه ئاراسته‌ى دادگا ده‌كرێت بۆ ئیجارائاتى یاسایی.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیس رێكه‌وتوین ئه‌و بنكه‌یه بكرێنه‌وه هه‌یكه‌لێتیان ئاماده‌یه و ستافى بۆ دانراوه، هاوكات بینامان هه‌یه خۆمان راده‌ستیان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌رخسته‌یه‌كمان داوه به رێكخراوى مناڵپارێزى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى بیناكه‌مان بۆ نۆژه‌نبكه‌نه‌وه كه بۆ ئه‌و بنكه‌یه بگونجیێت، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێت به هه‌نگاوێكى گرنگ و خزمه‌تێكى ته‌واو به مناڵان و نه‌وجه‌وانان.
چواره‌م: كاركردنى مناڵان
1. قه‌باره‌ى كاركردنى مناڵان له گه‌رمیان
چالاكوانێك له گه‌رمیان ده‌ڵێت: كار به مناڵان ده‌كرێت له سنوره‌كه، دۆخه‌كه‌ش له لادێكان زۆر خراپتره وه‌ك له سه‌نته‌رى شاره‌كان.
له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان و ئه‌ندامى رێكخراوى وادى ئه‌ڵمانى له گه‌رمیان وتى: مناڵ له ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كارى كاریان پێده‌كه‌ن له سه‌نته‌رى لادێكان و كارى كشتوكاڵیان پێده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه ته‌مه‌نیان سه‌روى 8 ساڵانه له‌گه‌ڵ باوكیان كارده‌كه‌ن.
هاوكات، شیرین مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى لانه‌ى مناڵان له گه‌رمیان ده‌ڵێت: له گه‌رمیان كاركردنى مناڵان هه‌یه له شوێنه جیاوازه‌كان و وه‌كپێویست حكومه‌تى كارى له‌سه‌ر نه‌كردوه.
ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ى هه‌یه له ئێستادا ئه‌نجومه‌نێك دروستكراوه بۆ پاراستنى مناڵان كه كار له سه‌ر مناڵانى سه‌رشه‌قام و ترافیك لایته‌كان ده‌كه‌ن كه كارده‌كه‌ن و هۆكارى كاركردنیان چیه.
"له نێو خێزانه‌كان به‌هۆى بارودۆخى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه مناڵ به‌كارهێنراوه بۆ كاركردن ئه‌مه یه‌كێكه له كێشه گه‌وره‌كان و رۆژانه‌ش ده‌بینرێت و حاڵه‌تى له‌وشێوه‌یه‌مان هه‌یه". حه‌یده‌ر فازڵ، به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى گه‌رمیان واى وت.
وتیشى: ئێستا بابه‌تێكى دیكه هاتوه‌ته ئاراوه ئه‌ویش بازرگانى كردنه به مرۆڤه‌وه و له نێویشیاندا مناڵ هه‌یه، ئه‌گه‌رچى دیارى نه‌كراوه كه چه‌ند حاڵه‌ته، به‌تایبه‌ت ساڵى رابردو 17 حاڵه‌تى بازرگانیكردن به مرۆڤ تۆماركراوه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئێمه ئه‌زمونى ئه‌وه‌مان هه‌یه خێزانى وا هه‌بوه دانیشتوى كه‌لار بوه له ماوه‌ى یه‌ك ساڵدا 3 مناڵى خۆى فرۆشتوه و روبه‌ڕوى دادگا كراونه‌ته‌وه.
هاوكات، عه‌دنان محه‌مه‌د، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى سه‌ندیكاى كرێكارانى كوردستان ده‌ڵێت: بابه‌تى كاركردنى مناڵان په‌یوه‌ندى به ئێمه‌وه نیه و هیچ داتایه‌كى مناڵانى ئیشكه‌رمان له لا ده‌ست ناكه‌وێت.
2. له رێگه‌ى داواكارى گشتى گه‌رمیانه‌وه كار له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانى مناڵانى ئیشكه‌ر ده‌كرێت
دۆسیه‌كانى په‌یوه‌ست به بازرگانى كردن و كاركردنى مناڵانه‌وه له رێگه‌ى داواكارى گشتى گه‌رمیانه‌وه كارى له‌سه‌رده‌كرێت، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى سنوره‌كه‌ش ده‌ڵێت: چه‌ندین كه‌یسمان هه‌بوه و داومانه به داواكارى گشتى.
ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له رێگه‌ى داواكارى گشتى گه‌رمیانه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین ئه‌و مناڵانه‌ى كه ئیش ده‌كه‌ن له ترافیكه‌كاندا، چونكه هه‌ندێكجار گومانى ئه‌وه‌مان هه‌بوه كه ئه‌مانه باندبن و كار به‌و مناڵانه بكه‌ن و بازرگانیان پێوه‌بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى رێكارى یاسایی بگرینه‌به‌ر و ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین.
وتیشى: به نوسراوى فه‌رمى له رێگه‌ى داواكارى گشتى و ئاسایشى گه‌رمیانه‌وه نوسراو ئاراسته‌ى ته‌واوى بازگه‌كانى گه‌رمیان كراوه كه ئه‌م حاڵه‌تانه رێگه‌پێدراو نیه، چونكه نمونه‌ى ئه‌وه‌مان هه‌یه مناڵ هه‌بوه له‌لاى پورى ماوه‌ته‌وه كه دایك و باوكى نه‌ماوه ئیشیان پێكردوه و پاره‌كه‌یان داوه‌ته‌وه به قه‌رزى دایك و باوكى.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: چه‌ند حاڵه‌تێكمان هه‌بوه داومانه‌ته داواكارى گشتى و روبه‌ڕوى دادگا كراونه‌ته‌وه.
3. لیژنه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر مناڵانى ئیشكه‌ر دروستكراوه
له‌سه‌ر راسپارده‌ى رێكخراوى یونسێف له پرۆژه‌ى پاراستنى مناڵان ئه‌نجومه‌نێك دروستكراوه كه له لایه‌نه په‌وه‌ندیداره‌كان پێكهاتوه بۆ پاراستنى مناڵان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ك دروستكراوه.
عه‌لى محه‌مه‌د حه‌سه‌ن، سه‌رۆكى لیژنه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر مناڵانى ئیشكه‌ر له ترافیكه‌كاندا له به رێوبه‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: له پرۆژه‌ى پاراستنى مافه‌كانى مناڵان له‌گه‌ڵ رێكخراوى یونسێف یه‌كێك له خاڵه‌كان كه زیادكرا دروستكردنى بوردێكى تایبه‌ت بۆ پاراستنى مناڵان له ئیداره‌ى گه‌رمیان دروستبكرێت كه هه‌مو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌یوه‌ست به مناڵان به‌شدارى ئه‌و ئه‌نجومه‌ن بكه‌ن، ئه‌وه‌بو ئه‌نجومه‌نه‌كه دروستكرا.
وتیشى: له یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه بڕیاردرا لیژنه‌یه‌ك دروستبكرێت له كۆى لایه‌نه‌كان بۆ به‌دواداچونكردنى مناڵانى ئیشكه‌ر له ترافیكه‌كانى كه‌لار و گه‌رمیان، ئه‌وه‌بو لیژنه‌كه دروستكراوه و ده‌رچونمان هه‌بوه و زۆركارمان كردوه بۆ كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و مناڵانه‌ى كه ئیش ده‌كه‌ن تاوه‌كو ئێستا زانیاریمان له‌سه‌ر 24 مناڵ كۆكردوه‌ته‌وه كه كارده‌كه‌ن.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له ئێستادا ته‌نها زانیاریمان وه‌رگرتوه هۆكارى ئیشكردنیان بۆچى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆمان ده‌ركه‌وتوه كه ئه‌مانه باندنین كه كارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى فۆرمێكى تایبه‌تمه‌نده‌وه زانیاریمان له مناڵه‌كان وه‌رگرتوه و دواتر توێژه‌ره‌كانمان سه‌ردانى خێزانه‌كانیان كردوه، ئه‌م بابه‌ته‌ش به داخراوى كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، دواتر پلانمانى دیكه‌مان ده‌بێت بۆ ئه‌و مناڵانه.
به‌پێى وته‌ى سه‌رۆكى ئه‌و لیژنه‌یه، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كه له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان دروستكراوه، هه‌ر بابه‌تێك پرسى رۆژبێت و په‌یوه‌ست بێت به پاراستنى مناڵانه‌وه كارى له‌سه‌رده‌كه‌ین، به‌ڵام له ئێستادا ته‌نها كار له‌سه‌ر مناڵانى ئیشكه‌ر ده‌كه‌ین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ئێمه كۆمه‌ڵێك سه‌نته‌رمان هه‌یه كه كارى خۆیان ده‌كه‌ن و چالاكى جۆراوجۆریان هه‌یه.
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دۆخی مافه‌كانى مناڵان له گه‌رمیان لانیكه‌م له‌و چوار بواره‌ى دیارییكراوه، باش نییه، هه‌ڵسه‌نگاندنى چالاكوانان ئه‌وه‌یه كه خراپه. ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكارى هه‌یه، له‌لایه‌ك لایه‌نى كه‌لتوریی و كۆمه‌ڵایه‌تى و خێزانییه كه هێشتا مناڵ و مافی مناڵ ئه‌و جێگه گرنگه‌ى نه‌گرتوه، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه حكومه‌ته كه وه‌كپێویست گرنگی به‌م بواره نه‌داوه و زۆر كه‌لێن و كێشه له ده‌زگا حكومییه‌كانى په‌یوه‌ست به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مناڵاندا هه‌یه‌وه.
2. دۆخه‌كه بۆ مناڵانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت سه‌ختتره، ئه‌گه‌ر مناڵانى جه‌سته و مێشك و ده‌رون ته‌ندروست كێشه‌یان هه‌بێت، ئه‌وا مناڵانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت چه‌ندین بار زیاتر.
3. هه‌ر په‌یوه‌ست به به‌ش "فئه" و توێژه‌كانى مناڵان، دۆخی خزمه‌تگوزاریی و پاراستنى ماف و گرنگیدان به مناڵان له لادێكان خراپتره به‌راورد به شاره‌كان.
4. یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كێشه‌كانى مناڵان، بونى توندوتیژییه به رامبه‌ریان به هه‌مو جۆره‌كانییه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى تێبینییه كه هیچ ئامارێكى ورد له‌مباره‌یه‌وه نییه، به‌ڵكو توندوتیژی به‌تایبه‌تى "لێدان و توندوتیژی زاره‌كى به‌ناوى ته‌مبێكردنه‌وه" به حاڵه‌تى ئاسایی له كۆمه‌ڵگادا ته‌ماشا ده‌كرێن، ره‌نگه هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاربێت بۆ نه‌بونى ئامار و داتاى ورد له‌وباره‌وه.
5. حكومه‌ت چه‌ندین ده‌زگاى هه‌یه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مناڵاندا، به‌شێك له‌مانه به ته‌واوى تایبه‌تن به مناڵان، به‌شێكى تریشیان له‌نێو كه‌یس و بوار و توێژه‌كانى دیكه‌دا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مناڵاندا ده‌كه‌ن.
6. له‌بوارى په‌روه‌رده‌دا مناڵان به‌وهۆیه‌ى زیاتر به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌م بواره‌دا هه‌یه، زیاتر له‌وێدا پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، پێشێلكارییه‌كانیش به‌شێكیان په‌یوه‌سته به ژێرخانى ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به‌شێكى دیكه به لایه‌نى مرۆیی و مامه‌ڵه‌ى ستاف و به‌رپرسانی ناوه‌ند و بواره‌كه‌وه.
7. هه‌ر له بوارى په‌روه‌ره‌ده‌دا ئاله‌نگارییه‌ك كه روبه‌ڕوى بواره‌كه ده‌بێته‌وه كه هاوكات مه‌ترسیه بۆ ئاینده‌ى كۆمه‌ڵگاش، دابڕینی مناڵانه له خوێندن به پاساوی جۆراوجۆر، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌هۆكار و پاساوی نه‌بونى قوتابخانه‌وه له گونده‌كاندا زیاتره.
8. كاركردنى مناڵان یه‌كێكى دیكه‌یه له حاڵه‌ت و دیارده به‌رچاوه‌كان، ئه‌گه‌رچی حكومه‌ت لیژنه‌ى له‌سه‌ر ئاستى گه‌رمیان بۆ به‌دواداچونى ئه‌م پرسه پێكهێناوه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌رى بكات.
9. په‌یوه‌ست به كاركردنى مناڵانه‌وه، حاڵه‌تێكى دیكه‌ى مه‌ترسیدار هه‌یه، ئه‌ویش ناچاركردنى مناڵانه به كاركردن و سواڵكردن، كه چه‌ندین حاڵه‌تى هاوشێوه له سنوره‌كه‌دا تۆمار كراوه.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. ئه‌وه‌ى كه به رونى ده‌بینرێت، ئه‌وه‌یه كه پرسی مناڵ نه‌بوه به خه‌مێكى گشتى، نه خه‌ڵك و نه‌حكومه‌تیش ئه‌و گرنگییه‌ى پێویسته پێی ناده‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دۆسیه و پرسی تر له پێش مناڵاندا داده‌نێن.
2. مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ پرسی مناڵاندا له چه‌ند ئاستێكدایه، ئاستى په‌روه‌رده، ئاستی دادگا و ده‌زگا جێبه‌جێكاره ئه‌منییه‌كان، ئاستى كۆمه‌ڵایه‌تى، ئاستى رۆشنبیری و هونه‌ریی و...هتد. له‌م بوارانه‌دا كه‌م و زۆر داموده‌زگا هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه نییه بونى ده‌زگاى چاودێره به‌سه‌ر پرسی مافه‌كانى مناڵان و داتاكردن و تۆماركردنیان.
3. حكومه‌ت ژماره‌یه‌ك سه‌نته‌رى هه‌ن بۆ بره‌ودان به توانا و خولیاكانى مناڵان، به‌ڵام ئه‌م سه‌نته‌رانه وه‌كو ژماره كه‌من و كێشه‌ی جۆراوجۆریشیان هه‌یه، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مناڵان زۆر پێیان ئاشنا نین. بۆیه گرنگه زانیاریی ئه‌وتۆ له‌باره‌ى ئه‌و سه‌نته‌رانه و كار و ئامانجه‌كانیانه‌وه بڵاوبكرێته‌وه كه ببێته مایه‌ى ئه‌وه‌ى مناڵان له‌كاته پشوه‌كانیاندا سه‌ردانیان بكه‌ن.
4. بونى ئه‌نجومه‌نێك بۆ به‌دواداچونى پرسی مافه‌كانى مناڵان زۆر كارێكى گرنگه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى واده‌كات هه‌نگاوه‌كه گرنگتر بێت، هه‌نگاونانى كرده‌ییه، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت ئه‌و ئه‌نجومه‌نه جیدیی بێت و هه‌نگاوى گونجاو بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى په‌یوەست به مناڵان بنێت، هاوكات ئه‌نجومه‌نه‌كه بازنه‌ى كاره‌كانى فراوان بكات و بتوانێت كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیش به‌شداریی پێبكات بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه و ئاسته‌نگیانه‌ى په‌یوه‌ست به مافه‌كانى مناڵانه‌وه هه‌ن له ناوچه‌كه‌دا.
5. بوارى په‌روه‌رده بناغه‌ییترین بواره په‌یوه‌ست به مافه‌كانى مناڵانه‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌توانێت كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى و خێزانی مناڵانه‌وه هه‌بێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته ئه‌م بواره گرنگیی زۆری پێبدرێت و قوتابخانه‌كان ببن به ناوه‌ندى په‌روه‌رده نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌ن و به زۆری بون به ناوه‌ندی خوێندن و فێركردن ئه‌ویش به‌و تێبینییانه‌شى كه له‌م روه‌وه هه‌یه.
6. پێویسته حكومه‌ت پێداچونه‌وه بكات به‌و ئالیه‌ت و رێكارانه‌ى هه‌یه‌تى و له‌رێگه‌یه‌وه له‌گه‌ڵ مناڵانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌تدا مامه‌ڵه ده‌كات، واشبكات رێكارى نوێی وه‌ها دابنێت كه ئاسانكاریی زۆر بۆ ئه‌م توێژه بكات به‌تایبه‌تى له لایه‌نى په‌روه‌رده‌وه.
7. پێویسته ئالیه‌تى گونجاو بدۆزرێته‌وه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ تۆماركردن و به‌دواداچونكردنی توندوتیژی و پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر به مناڵان و گرتنه‌به‌رى رێكارى گونجاو له‌لایه‌ن لایه‌نه دادوه‌ریی و فه‌رمییه‌كانه‌وه، چونكه ئه‌و رێكارانه‌ى ئێستا هه‌ن كارا نین و پێناچێت هیچ له دۆخه‌كه بگۆڕن به ئاقارێكى باش‌دا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گرنگه كۆنفرانس و وۆركشۆپی تایبه‌ت رێكبخرێت.
8. مناڵانى گوندنشین له زۆر ئاست و روه‌وه بێبه‌شن، پێویسته حكومه‌ت ئه‌م خاڵه به‌هه‌ند وه‌ربگرێت و هه‌وڵبدات به‌شێك له‌و چالاكی و خزمه‌تگوزارییانه‌ى بۆ مناڵانى شاره‌كان پێشكه‌شى ده‌كات، بگه‌یه‌نێت به‌وانیش.
9. رێگریكردن له كاركردنى مناڵان شه‌رمنانه ئه‌نجام ده‌درێت، له‌كاتێكدا به‌شێكى ئه‌و كاركردنانه به ناچارییه و ته‌نانه‌ت سه‌رده‌كێشێت بۆ بێگاریی، بۆیه گرنگه حكومه‌ت له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسیه‌یه‌دا به‌تایبه‌تى له‌و روه‌وه په‌یوه‌ندى هه‌یه به ئیستغلالكردنى مناڵانه‌وه، رێكارى توند بگرێته به‌ر.
10. پێویسته حكومه‌ت ئه‌و داموده‌زگا و به‌شانه بكاته‌وه كه په‌یوه‌ستن به پاراستنى مافه‌كانى مناڵانه‌وه، له‌وانه كردنه‌وه‌ى بنكه‌ى تایبه‌تى پۆلیس، هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ى خانه‌ى داڵده‌دان له‌كاتى بونى هه‌ڕه‌شه و توندوتیژی بۆ سه‌ر ژیانى مناڵان.
11. گرنگه ده‌زگایه‌كی تایبەت هەبێت بۆ تۆمار و چاودێری و هەڵسەنگاندنی دۆخی مناڵان و مافەکانیان، یاخود لایه‌نێكى حكومى به هاوكاری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ئاژانس و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رابسپێرێن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و كۆكردنه‌وه‌ى داتا و ئامارى ورد له‌باره‌ى دۆخی مناڵان و دواتر گرتنه‌به‌رى هه‌نگاوى پێویست بۆ باشكردنى دۆخیان.