ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م بونى میدیای ئه‌هلی له‌ گه‌رمیان دا

2023/02/27    774 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ رادیۆی ده‌نگ، له‌ یه‌كێك له‌ چالاكیه‌كانى پرۆژه‌ی رادیۆكه‌ به‌ پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی ئه‌مریكی NED، راپۆرتێكى له‌باره‌ى ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م بونى میدیای ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان دا ئاماده‌كردوه‌.
 
له‌ راپۆرته‌كه‌دا به‌ وردى و له‌سه‌ر زاری رۆژنامه‌نوسان و پسپۆڕانه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ وایكردوه‌ ته‌مه‌نى پرۆژه‌ میدیاییه‌ ئه‌هلیه‌كان زۆر نه‌خایه‌نێت، هه‌روه‌ك پێشنیازه‌كانیش بۆ بره‌ودان به‌م بواره‌ خراوته‌ڕو.
 
له‌ خواره‌وه‌ ده‌قی راپۆرته‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌...
 
 
* پێشه‌كى
بونى میدیای ئازاد، له‌ پێویستییه‌كانى هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى دیموكراسی و پێشكه‌وتوه‌، له‌م نێوه‌نده‌ش دا میدیا لۆكاڵی و خۆجێیه‌كان رۆڵی گرنگ و كاریگه‌ر ده‌گێڕن.
له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیاندا، له‌ دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ چه‌ندین ده‌ستپێشخه‌ریی میدیایی بونیان هه‌بوه‌، به‌ڵام به‌شى زۆریان نه‌یانتوانیوه‌ به‌رده‌وام بن، له‌ ئێستاشدا ژماره‌ى ده‌زگا میدیاییه‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ سنوره‌كه‌دا ته‌نها یه‌ك دانه‌یه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ده‌ستپێشخه‌ریی ئلیكترۆنى و سۆسیال میدیا دا.
ئه‌مه‌ش پرسیاری ئه‌وه‌ دێنێته‌ ئاراوه‌: بۆچی میدیای سه‌ربه‌خۆ ناتوانێت له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا به‌رده‌وام بێت؟ هۆكاره‌كانى پشت ئه‌م حاڵه‌ته‌ چیه‌؟
ئه‌م راپۆرته‌، هه‌وڵده‌دات وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه‌ به‌ده‌ست بخات.
 
* بۆچی ته‌مه‌نى میدیا سه‌ربه‌خۆكان كه‌م ده‌خایه‌نێت؟
ته‌مه‌نى ئه‌و ده‌زگا سه‌ربه‌خۆیانه‌ى كه‌ له‌ گه‌رمیان له‌ ماوه‌كانى پێشوتر كراونه‌ته‌وه‌ كه‌مبون، سه‌رنوسه‌ر و به‌ڕێوبه‌رانى ئه‌و ده‌زگایانه‌ هۆكاره‌كه‌ى ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ لایه‌نى مادییه‌وه‌.
لاوان ئه‌حمه‌د، سه‌رنوسه‌رى پێشوى رۆژنامه‌ى گه‌رمیانى ئه‌مڕۆ وتی: "رۆژنامەکەمان لە ساڵی ٢٠٠٦ یەکەم ژمارەی لێ بڵاوبویەوە کە مانگانە بو هاوکات ٩٣ ژمارەی لێ دەرچوە و رۆژنامەیەکی سەربەخۆ بو".
وتیشی: دواتر حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری مونحەیەکی خەرج دەکرد بۆ ئەو رۆژنامانەی کە لۆکاڵی بون ئێمەش بێبەش نەبوین لەو هاوکارییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە وای نەکرد رۆژنامەکە سەربەخۆی خۆی لە دەست بدات، بۆیە تا ئەو کاتە رۆژنامەکە بەردەوام بو کە ئەو هاوکاریە مادییەی پێمان دەدرا دواتر راگیرا.
هاوكات، ئارام مەلا نوری، دامەزرێنەری رادیۆی میللەت لە گەرمیان دەڵێت: "رادیۆی میلەت لە سەرەتای مانگی ٣ـی ساڵی ٢٠١٨ دامەزرا و لە کۆتای مانگی سێشدا پەخشی ئەزمونی خۆی دەستپێکرد، کە پاشان لەلایەنە پەیوەندیدارەکانه‌وه‌ پێمان راگه‌یه‌نرا کە سەرەتا دەبێت پەخشی ئەزمونی دەست پێ بکەین ئەوکات مۆڵەتمان پێ دەدرێت".
وتیشی: بۆ ماوەی ٣ مانگ پەخشی ئەزمونی رادیۆکە بەردەوامی هەبو، دواتر چەند جارێک سەردانی بەڕێوبەرایەتی و وەزارەتی رۆشنبیریم کرد لەسەر ئاستی سلێمانی و هەولێر کە چەند جارێک داوای مۆڵەتم کرد، دواجار زۆر بە کورتی و بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ لە ژێر هەیمەنە یان ئەجێندای لایەنێک لە نێو دەسەڵاتدا کە جێبەجێی بکەین ئەوە بەبێ کێشە هەمو پێداویستیەکانی رادیۆکە پڕئەکرێتەوە، بۆیە منیش دو رێگەم لە بەردەستدا بو یان دەبێت بەو شێوازە کاربکەم کە ئەوان دەیانەوێ یان ئەو مەبدەئەی کە خۆم باوەڕم پێیەتی رای ئازادە درێژەی پێبدەم، دواجار ناچار بوم کە رادیۆکەم خستە سەر ئەو مەبدەئەی کە هەمە.
جەختی لەوەشکردەوە: بۆیە زۆر نائومێد بوین لە رادیۆکە کە ناکرێتەوە و بەهیچ شێوازێک ئەو مۆڵەتەمان پێ نادرێت و ئەو کارە بکەین کە خۆمان دەمانەوێت.
 
 
* هۆكارى به‌رده‌وامنه‌بونى میدیا سه‌ربه‌خۆكان چین؟
روژنامه‌نوسان و پسپۆڕانى بوارى میدیا باس له‌وه‌ده‌كه‌ن هۆكار زۆرن بۆ نه‌كردنه‌وه‌ى ده‌زگاى میدیاى سه‌ربه‌خۆ له‌ سنوره‌كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ لایه‌نى داراییه‌.
لاوان ئه‌حمه‌د، سه‌رنوسه‌رى پێشوى رۆژنامه‌ى گه‌رمیانى ئه‌مڕۆ باس لەوە دەکات: "زۆر هۆکار هەن بۆ ئەو دەزگایانەی کە سەربەخۆن رابگیرێن کە سەرەکیترینیان نەبونی مادییە کە ئەمە بۆ هەمو دەزگایەک راستە، دواتر نەبونی چاپخانە لە گەرمیان لەگەڵ نەهاتنە دەمەوەی کۆمپانیا و بازرگانەکان بەمەبەستی ئەنجامدانی ریکلام ئەمەش یەکێکی ترە لە هۆکارەکان".
دەشڵێت: کەمی ستافیش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان، دواتر ئەو کەسانەی کە ئەیانویست بابەتەکانیان لە رۆژنامە بڵاوبکەنەوە زیاتر لە سەنتەری پارێزگاکان کە رۆژنامەی تیابو بڵاویان دەکردەوە وەک لەوەی لە رۆژنامەیەکی لۆکاڵی بڵاوی بکاتەوە.
"بۆ دامەزراندن و کردنەوەی دەزگای میدیایی سەربەخۆ چەندین هەنگاوی جیاوازی پێویستە، لەوانە لایەنی دارایی، بەجۆرێک زامنی بەردەوامبون و گەشەسەندنی دەزگاکە بکات، هەروەها کردنەوەی چەندین خول بۆ رۆژنامەنوسان لەسەر دو ئاست، ئاستی یەکەم پێگەیاندن و پێشخستنی توانای کارامەیی رۆژنامەنوسان، ئاستی دوەم نیشاندان و دەرخستنی رۆڵ و کاریگەری و گرنگی میدیای سەربەخۆیە بە گشتی و بۆ گەرمیان بە تایبەت"، دەشتی عەلی، پسپۆڕی بواری راگەیاندن و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان باس لەوە دەکات.
ئارام مەلا نوری، دامەزرێنەری رادیۆی میللەت لە گەرمیان، وتی: "لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە دو بەرە دروست بو لە میدیا ئەویش میدیای دەسەڵات و میدیای سەربەخۆیە، بەڵام دۆخەکە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ خراپتر بو بە جۆرێک میدیای سێبەر هات بە هەمو رەنگەکانی میدیاوە، چ لە پەیج و رادیۆ و تەلەفیزیۆن کە بەناوی سەربەخۆ ئیش دەکەن، ئەمەش وایکردوە ئێمەمانان باجی سەربەخۆی بدەین کە ئەمەش زۆر قورسە".
دەشڵێت: زۆرجار لە پرسە گرنگەکان مافی ئێمە ئەخورێت بە جۆرێک دەزگاکانی خۆیان روماڵی هەمو شتێک دەکرێت، هاوکات لە رێگای میدیا سێبەرەکانیانەوە پرسەکان بەلاڕێدا ئەبرێت و بایەخ بەو دەزگانە نادەن کە بە فعلی سەربەخۆن، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ئاستەنگی زۆر زۆرە لەبەردەم میدیای سەربەخۆدا.
 
 
* كارى میدیاى سه‌ربه‌خۆ تاچه‌ند له‌ گه‌رمیان فه‌راهه‌م كراوه‌؟
سه‌رنوسه‌رى رۆژنامه‌یه‌كى پێشوى لۆكاڵى له‌ گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات، كارى میدیاى سه‌ربه‌خۆ له‌ گه‌رمیان به‌ رێژه‌یه‌كى باش فه‌راهه‌م نه‌كراوه‌.
لاوان ئه‌حمه‌د، سه‌رنوسه‌رى پێشوى رۆژنامه‌ى گه‌رمیانى ئه‌مڕۆ جەخت لەوە دەکاتەوە: "لە %١٠٠ ناتوانین بڵێین کاری میدیای سەربەخۆ بەتایبەت لە گەرمیان فەراهەمە و زەمینەسازی کرابێت بۆی، چونکە کێشە و گرفت زۆر هەن بەتایبەت لە نێوان بەرخودی دادگاکان و رۆژنامەنوسان، چونکە وەکپێویست کار بەیاسای رۆژنامەنوسی ناکرێت کاتێک رۆژنامەنوسێک بابەتێک دەنوسێت و دەدرێت بە دادگا وەک کەسێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بۆیە کارەکە بۆ کۆی رۆژنامەنوسان قورسە بەتایبەت بۆ میدیای سەربەخۆ".
 
 
* ئاسته‌نگیه‌كانى به‌رده‌م دروستبونى میدیاى سه‌ربه‌خۆ چیه‌؟
"میدیای سەربەخۆ بە هەمو جۆرەکانیەوە کۆمەڵێک کێشە هەیە كه‌ وا ده‌كات دروست نه‌بێت و پێكنه‌یه‌ت، ئه‌وانیش: هۆکاری ئابوری، خراپ مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنیەکان لەگەڵ رۆژنامەنوسەکان، دادگاکان وەک پێویست رۆڵی رۆژنامەنوس لەپێش چاو ناگرن، دوری ناوچەکان لە سه‌نته‌رى پارێزگاکان، نەبونی بەشی راگەیاندن لە سنورەکە بۆ پێگەیاندنی کادری باش، کە ئەمانە هەموی هۆکارن"، لاوان ئه‌حمه‌د، سه‌رنوسه‌رى پێشوى رۆژنامه‌ى گه‌رمیانى ئه‌مڕۆ دەڵێت.
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوسینگه‌ى گه‌رمیانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى كوردستان ده‌ڵێت: ئاسته‌نگیه‌كانى به‌رده‌م میدیاى سه‌ربه‌خۆ بەشێکیان پەیوەستن بە قۆرخکاری  بۆ میدیا حزبی.
دلێر كه‌ریم، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوسینگه‌ى گه‌رمیانى سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانى كوردستان دەڵێت: "ئاستەنگەکانی بەردەم دروستبونی میدیای سەربەخۆ و کارا زۆرن، بەشێکیان پەیوەستن بەوەی قۆرخکاری و ئاسانکاری بۆ میدیا حزبی کراوە و ئەرکی سەرشانی میدیای سەربەخۆی قورس کردوە، بەشێکی تریان پەیوەندی بە قورسی کاری میدیای سەربەخۆوە هەیە کە بە ئاسانی دەستی بە زانیاری ناگات و رێگری لە کارەکانیان دەکرێت، بەجۆریک هەمیشە رۆژنامەنوسەکانی دژایەتی دەکرێن و دادگا و دەزگا ئەمنییەکان وەک کەسانی تایبەت و دژە دەسەڵات مامەڵەیان لە گەڵدا دەکات، سەرەڕای هەمو ئەمانەش دەزگای میدیایی سەربەخۆ و رۆژنامەنوسی سەربەخۆ هەن نەک هەر نەبن".
جەختی لەوەشکردەوە: ئەو کەشەی لە پارێزگاکانی تردا هەن لە گەرمیان گونجاوترن، بۆیە رەنگدانەوە لێرە زەقە و ئیشکردن لە میدیایی سەربەخودا قورس دەکەوێت.
پسپۆرێكى بوارى راگه‌یاندنیش جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاسته‌نگییه‌كان زۆرن له‌به‌رده‌م كردنه‌وه‌ى میدیاى سه‌ربه‌خۆدا، یەکێک لەوانە کەمی ژمارەی رۆژنامەنوسی جدیی و کارامە و لێهاتوە.
دەشتی عەلی، پسپۆڕی بواری راگەیاندن و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان باس لەوە دەکات: "لە کوردستان میدیای سەربەخۆ و بێلایەن رەنگە لە پەنجەکانی یەک دەست تێپەڕنەکات، لە گەرمیانیش بۆشاییەکی گەورەمان هەیە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێک لەوانە کەمی  ژمارەی رۆژنامەنوسی جدیی و کارامە و لێهاتوە، لەهەمانکاتدا کەمی و نەبونی رۆژنامەنووسی ئازا و ئازاد و سەربەخۆیە".
وتیشی: هەروەها دابەشبونی زۆرینەی رۆژنامەنوسانی سنورەکەیە بەسەر دەزگا میدیاییە حزبییەکان و سێبەرەکانی حزب، هۆکارێکی دیکەش نەبونی پاڵپشتی داراییە کە کۆڵەکەیەکی گرنگی گەشە و بەردەوامبونی دەزگایی میدیاییە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تر فشاری دەسەڵات و پاشەکشێی بەردەوامی ئازادی رادەربڕین و پێشێلکارییەکانی وەک هەڕەشە و لێدان و تۆقاندن لەلایەن دەسەڵاتەوە، هۆکارێکی دیکەیە بۆ ترسی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی میدیایی سەربەخۆ.
 
 
* میدیاى حزبى رێگره‌ له‌ بونى میدیاى سه‌ربه‌خۆ 
سه‌رنوسه‌رى پێشوى رۆژنامه‌یه‌كى گه‌رمیان له‌گه‌ڵ پسپۆرێكى بوارى راگه‌یاندن جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، بونى پاڵپشتى زۆرى ده‌زگا حزبیه‌كان هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌زگا میدیاییه‌ سه‌ربه‌خۆكان وه‌كپێویست دانه‌مه‌زرێن و درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن.
لاوان ئه‌حمه‌د، سه‌رنوسه‌رى پێشوى رۆژنامه‌ى گه‌رمیانى ئه‌مڕۆ، باس لەوەش دەکات: "ئێستا لە گەرمیان تاکوتەرا میدیای سەربەخۆ بونی هەیە، ئەوەشی کە هەیە تەحەدایەکی گەورە دەکات و بەشێکە لە کۆڵنەدان، ئەگەرنا بەردەوامبون ئاسان نیە، چونکە دەزگای حزبی زیاتر دەعم دەکرێت و رۆژنامەنوسیش زیاتر لەو دەزگایانە کاردەکەن مادییەکی زیاتریان دەست دەکەوێت، میدیایەکی سەربەخۆ ناتوانێت ئەوە پێشکەش بکات کە دەزگایەکی حزبی پێشکەشی دەکات لە روی مادییەوە.
هاوكات، دەشتی عەلی، پسپۆری بواری راگەیاندن و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان باس لەوە دەکات: "بەدڵنیاییەوە لە نەبونی میدیای سەربەخۆدا بۆشاییەکی گەورە لەنێو کایەی رۆژنامەوانیی لە گەرمیان دروستبوە، چونکە گەرمیان وەک ناوچەیەکی بەرفراوان و گەشەسەندن و فراوانبونی ناوەندەکەشی (کەلار) هێندەی دیکە پێویستی ناوچەکەی بە میدیای سەربەخۆ زیاتر کردوە، بۆ کارکردن و چاودێریکردنی کاروباری دەزگا و دامەزراوە حکومی و حزبیی و ناحکومیەکان".
هێمای بۆ ئەوەشکرد: بێگومانین لەوەی کە میدیای حزبی و سێبەری حزب نەیتوانیوە و ناشتوانێت ببێتە سەکۆی خەڵک، چونکە رونە ناتوانن هیچ کارێک ئەنجامبدەن پێچەوانە و دژ بە سیاسەتی حزب و ستراتیژی دامەزراوەکەیان بێت.
 
 
* ده‌رباره‌ى یەکەی رۆژنامەوانیی مافەکانی مرۆڤ:
یەکەیەکی رۆژنامەوانیی تایبەتە بە بەدواداچونی پرسەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و دیموکراسی. لە ساڵی 2014ـه‌وه‌ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئه‌مریكی (NED) دامەزراوە.
کاری بەرهه‌مهێنانى بابەتی رۆژنامەوانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و هه‌روه‌ها ئەنجامدانی چالاکی جیاوازی وەکو: خول، وۆرکشۆپ، راپرسی، سیمینار، گفتوگۆی کراوە و ئاماده‌كردنى راپۆرتی قوڵ.
 
* سەرپەرشتیاری یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ و ئەم راپۆرتە:
زریان محەمەد
 
* پەیوەندی:
07740878153
07728518163
 
* شوێنی یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئینتەرنێت:
http://www.radiodeng.net//pages.aspx?kodtech=3
 
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,352,420     ژمارەی میوان 653