رادیۆی ده‌نگ
ئاماده‌كردنى: یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ
رێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، ئه‌مڕۆ 3ـى ئایاری به رۆژى جیهانى ئازادی رۆژنامه‌وانى ده‌ستنیشان كردوه، ته‌وه‌رى ئه‌مساڵی رۆژه‌كه‌یشی دیارییكردوه به: "میدیا له‌ژێر گه‌مارۆی دیجیتاڵ دا".
ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و ته‌وه‌ره وه‌ك رێكخراوى په‌روه‌رده و زانست و رۆشنبیری سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كرتوه‌كان "
یونسكۆ" ئاماژه‌ى پێداوه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ى سانسۆری حكومى و ناحوكمی و كۆكردنه‌وه‌ى داتا و ژیری ده‌ستكرد هه‌یانه له‌سه‌ر رۆژنامه‌وانى و ئازادی ده‌ربڕین و تایبه‌تمه‌ندێتى كه‌سى، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاله‌نگاریانه‌ى كه روبه‌ڕوى ده‌زگاكانى راگه‌یاندن ده‌بێته‌وه له سه‌رده‌می دیجیتاڵیدا، سه‌رباری هێرش و سانسۆری دیجیتاڵی، كه هه‌مو ئه‌مانه كار له‌سه‌ر متمانه‌ى خه‌ڵكى به په‌یوه‌ندی دیجیتاڵی ده‌كات.
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له ساڵی 1993ـه‌وه بڕیاری داوه 3ـى ئایار بكات به رۆژى جیهانى ئازادى رۆژنامه‌وانى، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى دو ساڵ پێشتر رێكه‌وتنامه‌ى "
ویندهۆك" له وڵاتى نامیبیا له كیشوه‌رى ئه‌فریقیا بۆ پشتیوانى له رۆژنامه‌وانى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و ئازادی رۆژنامه‌وانى په‌سه‌ند كرا له هه‌مان رێكه‌وت دا.
ئازادى رۆژنامه‌وانى له عێراق و هه‌رێم
به‌پێی
راپۆرتێكى كۆمه‌ڵه‌ى داكۆكی له ئازاد رۆژنامه‌وانى عێراقی، له‌ماوه‌ى ساڵێكدا (3ـى ئایاری 2021 بۆ 2ـى ئایاری 2022)، (280) پێشێلكاری جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌ونوسان و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان تۆماركراوه، له: (هه‌وڵ و هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتن، رفاندن، ده‌ستگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌ر كردن، هه‌ڵكوتانه سه‌ر و هێرش بۆسه‌ر رۆژنامه‌نوس و ده‌زگا میدیاییه‌كان، لێدان، داخستنى ده‌زگاى میدیایی، رێگری كردن له روماڵ و تۆماركردنى سكاڵا).
هه‌رێمى كوردستان له پێش ناوچه‌كانى دیكه‌وه دێت له زۆری پێشێلكارییه‌كان، كه له‌م ساڵه‌دا (83) حاڵه‌تى پێشێلكاریی تێدا تۆمار كراوه.
پایته‌خته‌كانى به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان له پێش هه‌مو شاره‌كانى تره‌وه دێن له زۆری پێشێلكارییه‌كان، هه‌ر یه‌كی به (56) پێشێلكاری. به‌دواى ئه‌واندا كه‌ركوك به (37) و موسڵ به (27) پێشێلكاریی دێت.
گه‌مارۆی دیجیتاڵی بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نوسانى هه‌رێم
حاڵه‌ته‌كانى هێرشی دیجیتاڵی بۆسه‌ر رۆژنامه‌نوسان له هه‌رێمى كوردستان بونى هه‌یه، له ئاسته كه‌سیه‌كه‌ى دا چ به هه‌وڵدان بۆ لێدانى كه‌سایه‌تى رۆژنامه‌وانان، له ئاسته ده‌زگاییه‌كه‌شدا بۆ له‌كارخستنیان، له‌نمونه‌ى ئه‌و هێرشه‌ى كه ده‌زگاى
دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ئه‌مساڵ ئاماژه‌ى بۆ كرد له‌وه‌ى روبه‌ڕوى بونه‌ته‌وه و په‌ڕه‌كه‌یان له فه‌یسبوك سڕاوه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیان له‌باره‌ى "تاڵانكردنى زه‌ویه‌كانى سلێمانى" بڵاوكرده‌وه.
بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵی ناڕاست و چه‌واشه‌كاریی، له حاڵه‌ته دیاره‌كانى نێو میدیا و سۆسیال میدیان، ئه‌مه‌ش هانى سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داكۆكی له ئازادى رۆژنامه‌وانى دا، كه
هه‌ڵمه‌تێك بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ى هه‌واڵی چه‌واشه‌كاری و ناڕاست ئه‌نجام بدات.