راپۆرتێك دەربارەی: به‌شداریی ژنان له‌ كاری سیاسی دا له‌ گه‌رمیان

2022/02/28    1782 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
یەکەی رۆژنامەوانیی مافەکانی مرۆڤ له‌ رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED)، راپۆرتێكى تێروته‌سه‌لی به‌ناونیشانى: (به‌شداریی ژنان له‌ كاری سیاسی دا له‌ گه‌رمیان، گرفت و ئاسته‌نگه‌كان)ـه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.
 
له‌ راپۆرته‌كه‌دا له‌سه‌ زارى ژماره‌یه‌ك ژنى سیاسه‌توان له‌نێو پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان، ئه‌و كێشه‌ و ئاله‌نگارییانه‌ى خستوه‌ته‌ڕو كه‌ ژنان له‌و بواره‌دا روبه‌ڕوى ده‌بنه‌وه‌، هاوكات له‌سه‌ر هۆكارى كه‌می و سنورداریی به‌شداری ژنان له‌ بوارى سیاسه‌ت و حیزبایه‌تى دا له‌ سنوره‌كه‌ وه‌ستاوه‌.
 
كلیك له‌م لینكه‌ى لایخواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌ به‌ شێوازی (پی دی ئێف).
 
 
 
ده‌قی راپۆرته‌كه‌
 
راپۆرتێك دەربارەی:
به‌شداریی ژنان له‌ كاری سیاسی دا له‌ گه‌رمیان
گرفت و ئاسته‌نگه‌كان
 
 
1. پێشه‌كى
روخساری سیاسه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان دا به‌گشتى نێرانه‌ ده‌ركه‌وتوه‌، ئه‌مه‌ له‌ ئاست ناوچه‌یه‌كى وه‌كو گه‌رمیان زه‌ق تره‌. سنورداریی به‌شداریی ژنان له‌ كارى سیاسی و له‌ ریزی حزبه‌ سیاسیه‌كاندا، له‌ دیارترین سیماكانى كارى سیاسیه‌ له‌ گه‌رمیان.
یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ رادیۆی ده‌نگ،، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌ی رادیۆی ده‌نگ به‌ پالأَپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی ئه‌مریكی (NED)، راپۆرتێكى قوڵی بۆ به‌دواداچونى ئه‌م پرسه‌ ئاماده‌ كردوه‌. تیایدا له‌سه‌ر زاری ئه‌و ژنانه‌ى له‌ حزبه‌ سیاسیه‌ جیاوازه‌كانى سنوره‌كه‌دا چالاكن، باسی له‌ پرسی به‌شداریی ژنان و ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌مى كردوه‌، هاوكات پێشنیاز و چاره‌سه‌رى بۆ زیادكردنى ئه‌م به‌شدارییه‌شى خستوه‌ته‌ڕو.
 
2. ئاستى به‌شدارى ژنان له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان
ژنان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌شدارى ژنان له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان گۆڕانكارى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئه‌گه‌رچى جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ ئاست خواستى ژنان نیه‌.
ئاڵا تەها، لێپرسراوی بۆردی ژنانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وتی: بە شێوەیەکی گشتی ژنان لە حزبە سیاسیەکان لە گەرمیان خۆیان بەدور دەگرن، هۆکارەکەشی پەروەردەی خێزان و پیاوسالاری و کۆمەڵگەیە، کە وایکردوە سیاسەت بڤە بێت، تەنانەت لە سلکەکانی دیکەش رەنگی داوەتەوە کە جیاکاری رەگەزی بونی هەیە. 
وتیشی: "بەشێوەیەکی گشتی رێژەکە کەمە لە تموحی ئیمەی ژنان نیە، تەنانەت گرنگی بە توانای ژنان نادەن و سیاسەت لە لایەن پیاوانەوە قۆرخ کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چاو رابردو باشترە".
هاوكات، شلێر ئەحمەد، کارگێڕی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: "بەشداری ژنان لە گەرمیان لە نێوحزبەکاندا جیاوازە ئەگەر باسی حزبی خۆمان بکەین رێژەیەکی باشی ژنان هەن و گرنگی باشیشی پێدراوە، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەیر بکەین لە جێگەی تموحی ئێمەی ژنان نیە، چونکە ئافرەتی ئێمەی گەرمیان زۆر بە کەمی دێنە ناو سیاسەت، ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە دیارترینیان خێزانە".
هه‌ندێكى دیكه‌ له‌ ژنان به‌شدارى ژنان له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان به‌ لاواز ده‌بینن.
شه‌یما جه‌مال كوێخا، هه‌ڵسوڕاوى بزوتنه‌وه‌ى گۆران له‌ گه‌رمیان، ده‌ڵێت: "به‌شدارى ژنان له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان له‌ ئاستێكى زۆر خراپدایه‌، رێژه‌یه‌كى كه‌مى ژنان به‌شدارى ده‌كه‌ن له‌ كایه‌ی سیاسیدا نه‌ك له‌ ئاستى گه‌رمیان، به‌ڵكو له‌ ئاستى هه‌رێمى كوردستان و عێراقیشدا، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكارى هه‌یه‌".
وتیشى: چونكه‌ زۆربه‌ى ژنانى ئێمه‌ یان فه‌رمانبه‌رى ده‌وڵه‌تن یان ژنى ماڵه‌وه‌ن به‌تایبه‌ت بۆ دابین كردنى بژێوى ژیانیان، ئه‌مه‌ش له‌ نێو نێو حزبه‌كان نه‌یان توانیوه‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن، له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ژنان بتوانن له‌ نێو سیاسه‌تدا لایه‌نى داراییان به‌هێز بكه‌ن.
به‌ پیچه‌وانه‌وه‌، مژدە محەمەد، لێپرسراوی لقی خوشکانی کەلارى سەربە یەکگرتوى ئیسلامی، باس لەوە دەکات: "تەنها دەتوانم باس لە حزبەکەی خۆم بکەم کە پێشینەیەکی سەرەتای باشی هەیە لە بەشداری پێکردنی ژنان لە نێو حزبەکەدا، بە جۆرێک لە %٤٨ـی پۆستەکانی رێکخستنی حزبەکە پێکدەهینێت و لە%٢٥ـی پۆستە باڵاکانە".
دەشڵێت: "لە نێو حزبەکەی مندا هیچ بەربەستێک نیە بۆ زیادکردنی رێژەی ژنان".
 
3. بۆچونى ژنان تاچه‌ند به‌هه‌ند وه‌رگیراوه‌ له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كاندا؟
ژنانى به‌شداربو له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆچونیان به‌هه‌ند وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام وه‌كخۆیان ده‌ڵێن كه‌مى ژنان هۆكاره‌ بڕیارده‌رى كاره‌كان پیاوان بن.
ئاڵا تەها، لێپرسراوی بۆردی ژنانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وتی: "ئێمە وەک حزب لە دەستەی بەڕێوەبردن تەنها ٣ ژنین، بە بەردەوامیش پێشنیار و رەخنەمان هەبوە، درکم بەوە نەکردوە کە وەک ژنیک گوێمان لێ نەگیرێت یان رامان وەرنەگیرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە هەندیش وەرگیراوە وه‌كچۆن بۆ پیاوان حساب کراوە".
به‌ هه‌مان شێوه‌، شلێر ئەحمەد، کارگێڕی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "وەرگرتنی بۆچونی ژنان لە نێو حزبێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە و دەگۆڕێت، ئێمە لە پلەی کارگێڕی حزب حەوت پیاو و ٢ ژنین، بۆ هەر بابەتێکیش رای زۆرینەیە کە پیاوەکانن، ئەگەرچی ئێمە قسەی خۆمان دەبێت و رەخنە و پێشنیاریش دەکەین وەریشی دەگرن، وەریش گیراوە".
وتیشی: لەگەڵ ئەوەشدا رێژەی کەمی ئافرەتە لە پۆستەکان کە وایکردوە کە وابێت و رای پیاوان بسەپێنرێت.
"له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان نه‌ك ته‌نها ژنان، به‌ڵكو زۆرجار بۆچونى پیاوانیش وه‌رناگیرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتێك ژنێك بۆچونێكى باش پێشنبار ئه‌كرێت به‌ جدى وه‌رده‌گیرێت و كارى له‌سه‌ر ئه‌كرێت به‌ گوێره‌ى ئه‌و بۆچونه‌ى كه‌ كه‌سه‌كه‌ پێشكه‌شى ده‌كات". شه‌یما جه‌مال كوێخا، هه‌ڵسوڕاوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ گه‌رمیان واى وت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: زۆر ژنمان هه‌یه‌ له‌ پۆسته‌ باڵاكانن و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تین بۆچونه‌كانیان به‌ هه‌ند وه‌رگیراوه‌، له‌ ئاستى گه‌رمیانیش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌.
مژدە محەمەد، لێپرسراوی لقی خوشکانی کەلار، باس لەوە دەکات: "هیچ پرسێک و رەخنە و پێشنیارێک لە نێو حزبەکەی ئێمەدا جێگیر ناکرێت هەتاوەکو تەواوی رەخنە و پێشنیارەکانی ژنانیش وەک پیاوان وەرنەگیرێت".
 
4. ئاسته‌نگیه‌كانى به‌رده‌م ژنان له‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌یان بۆ نێو سیاسه‌ت
ژنان هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌روه‌رده‌ى خێزان و دابونه‌ریت و كۆمه‌ڵگه‌ هۆكارن بۆ كه‌مى هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان بۆ نێو كایه‌ى سیاسى له‌ گه‌رمیان.
شلێر ئەحمەد، کارگێڕی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: "ئاستەنگی زۆرە دیارترینان خێزانەکانە دواتر کۆمەڵگە و دابونه‌ریتى ناوچەکەیە ئەمە لە لایەک، لەلایەکی دیکە ناوی حزب ناشرین کراوه‌ و ترسێکیان لە دڵی ژنان رواندوە کە نەتوانن بێنە پێشەوە، بۆیە ئاساییە ژنێک تاوەکو ١٢ـی شەو لە مۆڵێک کار بکات، بەڵام ئامادە نیە بێتە ناو حزبێک".
به‌هه‌مان شێوه‌، شه‌یما جه‌مال كوێخا، هه‌ڵسوڕاوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ گه‌رمیان، ده‌ڵێت: "ئاسته‌نگ زۆرن له‌به‌رامبه‌ر نه‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان بۆ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان، یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌ به‌رۆكى ژنانى گرتوه‌ ترسى پیاوانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر باڵاده‌ست بونى ژنان له‌ نێو سیاسه‌ت، به‌ جۆرێك ئێمه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگایه‌كى پیاوسالارین ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ قبوڵ ناكرێت و پێیان هه‌زم ناكرێت ژنان پله‌ و پۆستێكیان هه‌بێت له‌ هى پیاوان به‌رزتر و گه‌وره‌ تر بێت".
باسى له‌وه‌شكرد: دوه‌میان ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌ییه كه‌ هۆكاره‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ هاتنه‌پێشه‌وه‌ى ژنان بۆ نێو كایه‌ى سیاسى، هه‌ر بۆیه‌ وایكردوه‌ ژنان دوربن  له‌ سیاسه‌ت و نه‌یانویستوه‌ تێكه‌ڵ به‌ بواره‌كه‌ ببن.
"ناوچەی گەرمیان لە چاو ناوچەکانی دیکە جیاوازە، دابونەریت باڵی کێشاوە بەسەر حزبدا لە ناوچەکە، هاوکات خێزانەکانیش بەشێکن لەمە، ئەگەرچی پێویستە ژنان خۆیان بسەلمینن و بێنە پێشەوە". مژدە محەمەد، لێپرسراوی لقی خوشکانی کەلاری سەر بە یەکگرتوی ئیسلامی وای وت.
 
5. رۆڵی ژنان له‌ به‌ره‌وپێشبردنى حزبه‌كان له‌ گه‌رمیان
"نەک لە نێو حزب و سیاسەتدا، بەڵکو لە زۆربەی بوارەکان ژنان جێ دەستیان دیاربوە و رۆڵی زۆر باشیان هەبوە لە بەروپێشبردنی حزبدا، لە کاتێکدا پێشتر عەیبەبو ژنێک بچێتە ناو بارەگایەکی حزبی و جۆرێک بو لە سەرکێشی کە ئەمە لەلایەن خیزانەکانەوە قبوڵ نەکراوبو". ئاڵا تەها، لێپرسراوی بۆردی ژنانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وای وت. 
شلێر ئەحمەد، کارگێڕی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: "ژن حزبەکانی بێبەش نەکردوە لە سەرکەوتن و جێدەستیان دیارە، بەڵام ناگاتە ئاستێکی زۆر بەرز، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی تێپەڕاندوە کە بڕیاردەر هەر پیاو بێت، چونکە رێژەکە زۆر گۆڕاوە لە چاو ساڵانی نەوەدەکان".
هاوكات، شه‌یما جه‌مال كوێخا، هه‌ڵسوڕاوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ گه‌رمیان، وتى: "وه‌ك ده‌وترێت ژن نیوه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ و دایكى نیوه‌كه‌ى تره،‌ بۆ به‌ره‌وپێشچونى حزبه‌كان ئه‌مه‌ راسته‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر حزبێك ته‌نها پیاو به‌ڕێوه‌ى ببات به‌ره‌وپێشچون به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت".
ژنێكى به‌شدار له‌ نێو حزبه‌كان له‌ گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆى ژنانه‌وه‌ رێژه‌ى له‌ %75ـى مه‌سه‌له‌ى حزبى رۆشتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌.
مژدە محەمەد، لێپرسراوی لقی خوشکانی کەلارى سەربە یەکگرتوى ئیسلامی، باس لەوە دەکات: "لە دهۆکەوە هەتاوەکو کفری ئێمە یەک پەیڕەو و پرۆگرام جێبەجێ دەکەین، بۆیە ژنان لە گەرمیان رۆڵی زۆرباشیان هەبوە و رێچکەیان شکاندوە، بە جۆرێک لە %٧٠ـی مەسەلەی حزبی رۆشتوەتە پێشەوە".
 
6. پرسى گێچه‌ڵپێكردنى ژنان له‌ نێو حزبه‌كان له‌ گه‌رمیان
"گێچەڵپێکردن بە ژنان لە هەمو دونیا بونی هەیە، کوردستان و بەتایبەت گەرمیانیش بێ بەری نیە لەو پرسە، بەڵام وا بۆ ماوەی ٢٠ ساڵە لە ناو حزب و سیاسەت دام شتی وام روبەڕوم نەبوەتەوە و بەر گوێشم نەکەوتوە، ئەوەی هەیە رێژەییە". ئاڵا تەها، لێپرسراوی بۆردی ژنانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وتی.
هێمای بۆ ئەوەشکرد: ئەوەی هەیە تەنها سیاسەت وێنەیەکی خراپی بۆ دروست کراوە و بەو شێوەیە نیە.
شه‌یما جه‌مال كوێخا، هه‌ڵسوڕاوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ گه‌رمیان، وتى: "له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم له‌ گه‌رمیان گێچه‌ڵ پێكردن به‌و شێوه‌ زه‌قه‌ هه‌بێت، ئه‌گه‌ریش هه‌بێت ره‌نگه‌ حاڵه‌ت بێت و نه‌بوه‌ به‌ دیارده‌، هه‌رچه‌ند من نه‌م بیستوه‌".
وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گێچه‌ڵ هه‌یه‌ به‌گشتى له‌لایه‌ن ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌وه‌ به‌ ژنان هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌و ترسه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان هه‌یه‌ له‌ نێو كایه‌ى سیاسیدا بۆ ترساندنیان و نه‌توانن بێنه‌ پێشه‌وه‌.
هاوكات، شلێر ئەحمەد، کارگێڕی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سەبارەت بە گێچەڵپێکردن کاریزمای کەسەکە خۆی وا ئەکات کە نەتوانێت هیچ کەسێک شتی وای بەرامبەر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم بە گشتی قسەبکەم و بڵێم نیە، بەڵام وەک حزبەکەی خۆم شتی وا نیە و نەبوە".
 
7. ژنانی گه‌رمیان و وه‌رگرتنى پۆستى باڵا له‌نێو حزبه‌كان دا
ژنانی سیاسه‌توانى گه‌رمیان، ده‌ڵێن پۆستى باڵایان پێدراوه‌ له‌ نێو حزبه‌كانیان، به‌ڵام به‌هۆى كه‌مى ژنانه‌وه‌ له‌ نێو حزبدا كه‌متر ئه‌و پۆستانه‌ به‌ر ژنان كه‌وتون‌.
ئاڵا تەها، لێپرسراوی بۆردی ژنانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وتی: "ئەگەر باسی حزبەکەی خۆم بکەم بڕیاردەری سەرکردایەتیمان ژنە و ئەندامی سەرکردایەتیشمان هەیە ژنە، لە نێو گەرمیانیش پۆستی باڵا دراوە بە ژنان و لە ناوەندی بڕیاردان".
وتیشی: رێژەیەکی کەمی ژنان هەن لە نێو حزبەکاندا ئەمە وایکردوە کەمترین پۆستی باڵا لای ژنان بێت، بۆیە پێویستە ژنان خۆیان بێنە پێشەوە.
هاوكات، شلێر ئەحمەد، کارگێڕی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: "لە نێو حزبەکەی مندا کە ژنان کەمن لە پۆستی باڵا لە ئێستادا، بەهۆی کۆنگرەوەیە کە پلە بەرزکردنەوەی راگرتوە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکە کەمی ژنان لە نێو حزب وایکردوە کەمتر پۆستی باڵا بدرێت بە ژنان".
دەشڵێت: یەکێکی دیکە لە کێسەکان قەیرانی داراییە لە وایکردوە دامەزراندنی ناو حزبیش رابگیرێت.
"رێژه‌ى ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ پۆستى باڵایان پێدراوه‌ له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ گه‌رمیان رێژه‌یه‌كى زۆر زۆر كه‌مه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هۆكارى خودى ژنان خۆیان كه‌ ژماره‌یان كه‌من له‌ نێو حزبه‌كان، به‌ جۆرێك ئه‌توانین به‌ پۆینت بژمێردرێت به‌راورد به‌ پیاوان، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌مترین رۆڵیان هه‌بێت". شه‌یما جه‌مال كوێخا، هه‌ڵسوڕاوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ گه‌رمیان، وای وت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ وجودى خۆیان سه‌لماندوه‌ له‌ نێو حزبه‌كان توانیویانه‌ پله‌و پۆستى باڵایان هه‌بێت و له‌ ئاستێكى به‌رزدا ‌بن، به‌ جۆرێك كۆمه‌ڵێك زۆر ژنى به‌ توانامان هه‌یه‌ له‌ نێو مه‌ڵبه‌ند و لق و مه‌كۆكان، ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تیش بونیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچى ئه‌و رێژه‌شى كه‌ هه‌یه‌ له‌ خواستى ئێمه‌ى ژنان و پێداویستى ناوچه‌كه‌ نیه‌.
مژدە محەمەد، لێپرسراوی لقی خوشکانی کەلاری سەربە یەکگرتوی ئیسلامی كوردستان، باس لەوە دەکات: "ئێمە ئەگەر بچینەوە بۆ رابردو لە ساڵی ٢٠٠٦ کە هەلبژاردنی پەرلەمان كرا یەکگرتو ٦ کورسی هەبو ٣ـی بۆ ژن بو، ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە لە نێو حزبەکەی مندا پەیڕەو دەکرێت کە هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان هەردو رەگەز، ئەگەرچی پێویستە ژنان خۆشیان بێنە پێشەوە و خۆیان بسەپێنن".
 
8. پێویسته‌ چی بكرێت؟
ژنان له‌ سنورى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ خودى ژنان خۆیان په‌ره‌ به‌ تواناكانى خۆیان بده‌ن و به‌كه‌م سه‌یرى خۆیان نه‌كه‌ن، دواتر كار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ بكرێت و هۆشیار بكرێنه‌وه‌، حزبه‌كانیش زه‌مینه‌سازى زیاتر بكه‌ن بۆ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان.
ئاڵا تەها، لێپرسراوی بۆردی ژنانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وتی: "پێویستە ژنان توانای خۆیان بخەنەگەڕ و متمانەیان  بە توانای خۆیان هەبێت و بە کەم سەیری خۆیان نەکەن و زەمینە بۆ خۆیان بسازێنن".
ژنێكى به‌شداربو له‌ سیاسه‌ت له‌ گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ حزبه‌كان زه‌مینه‌ سازى زیاتر بكه‌ن بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان.
شلێر ئەحمەد، کارگێڕی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: "پێویستە بوار بە ژنان بدرێت کە توانایەکیان هەیە بێنە پێشەوە لەلایەن خێزانەکانەوە بەتایبەت دواتر کۆمەڵە، حزبەکانیش بواری زیاتر بڕەخسێنن بۆ ژنان کە بێنە ناو بوارەکە".
هێمای بۆ ئەوەشکرد: پێویستە کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە و هەوڵ بدەن ژنان بێنە پێشەوە.
متمانه‌ به‌ خۆبونى ژنان یه‌كێك له‌و خاڵه‌ جه‌وهه‌ریانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن ژنانى به‌شداربو له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كانى گه‌رمیان باسى لێوه‌ده‌كرێت، كه‌ هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى گوێى لێبگیرێت.
مژدە محەمەد، لێپرسراوی لقی خوشکانی کەلارى سەر بە یەکگرتوی ئیسلامی، باس لەوە دەکات: "پێویستە ژنان خۆیان تموحیان هەبێت و زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن، ئه‌مه‌ش وا دەکات %١٠٠ گوێلێگیراو بن، بەڵام ئەگەر بێتو خۆیان تموحیان نەبێت و خۆیان بە کەم بزانن لە هەر حزبێک بێت ناتوانن بڕۆنە پێشەوە".
وتیشی: پێویستە پرسی دابونەریت کاری لەسەر بکرێت.
"بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان له‌ نێو حزبه‌ سیاسیه‌كان، یه‌كێك له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كان مه‌سه‌له‌ى هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگایه‌، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا هۆشیار بكرێته‌وه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ سیاسه‌ت، به‌ڵكو ژنان ده‌توانێت له‌ هه‌مو كایه‌یه‌ك كاربكه‌ن، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆى نه‌هێشتنى ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ى كه‌ دێته‌ پێش ژنان". شه‌یما جه‌مال كوێخا، هه‌ڵسوڕاوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ گه‌رمیان، وا ده‌ڵێت.
وتیشى: یه‌كێكى دیكه‌ له‌ خاڵه‌كان به‌هێزكردنى لایه‌نى ئابورى ژنانه‌ له‌ نێو حزبه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن بێنه‌ پێشه‌وه‌ و كاربكه‌ن.
 
ده‌رباره‌ى یەکەی رۆژنامەوانیی مافەکانی مرۆڤ:
 
یەکەیەکی رۆژنامەوانیی تایبەتە بە بەدواداچونی پرسەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و دیموکراسی. لە ساڵی 2014ـه‌وه‌ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئه‌مریكی (NED) دامەزراوە.
کاری بەرهه‌مهێنانى بابەتی رۆژنامەوانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و هه‌روه‌ها ئەنجامدانی چالاکی جیاوازی وەکو: خول، وۆرکشۆپ، راپرسی، سیمینار، گفتوگۆی کراوە و ئاماده‌كردنى راپۆرتی قوڵ.
 
* سەرپەرشتیاری یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ و ئەم راپۆرتە: زریان محەمەد
 
* پەیوەندی:
07740878153
07728518163
 
* شوێنی یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئینتەرنێت:
http://www.radiodeng.net//pages.aspx?kodtech=3
 
 
 
 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,449,142     ژمارەی میوان 567