لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان پێکدەهێنرێت
هەواڵ
01:17PM - 2025-04-22 , بینین : 344
 
رادیۆی دەنگ
 
وەزارەتی شارەوانی بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، لێکۆڵینەوە لە بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان دەکات، بەرپرسێک لە کۆمپانیای گاردینیاش دەڵێت: بەبێ هۆکار ئامێرەکانی ئێمەی پێنج مانگ حیجز کردوە.
 
بەپێی نوسراوێک کە واژوی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری لەسەرە، داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان بکرێت بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی و دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکانی کۆمپانیای گاردینیا کە جێبەجێکاری پرۆژەی قەڵای شێروانە سیتییە، لە کاتێکدا ناوبراو ئەو دەسەڵاتەی نییە.
 
دانا سەرچڵ، بەڕێوبەری کۆمپانیای گاردینیا لقی سلێمانی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئێمە پێشتر بۆ رێککردنەوە و پاککردنەوەی بەردەمی پرۆژەکەمان نوسراومان کرد بۆ شارەوانی رزگاریی و رەزامەندیمان وەرگرتوە، پاش دەستکردن بەکارکردن لە پرۆژەکە لیژنەی پۆلیسی شارەوانییەکان هاتون دەستیان بەسەر ئالیاتەکان گرت و وتیان بە فەرمانی بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیانە.
 
وتیشی: دواتر کە سەردانی شارەوانی گەرمیانمان کرد پێیان وتوین بەهۆی ئەوەی موخالەفەتان کردوە و بەبێ ئاگاداری ئێمە بوە ئالیاتەکان حیجز دەکرێت، ئێمە ۳ ئالیاتمان حیجز کرا بۆ ماوەی ٥ مانگ.
 
دەشڵێت: سکاڵامان تۆمار کرد لە دادگای کەلار لەسەر ئەوەی ئالیاتەکانمان گیراوە و کاری نایاساییمان نەکردوە و موافەقەمان هەیە، کەدەست کرا بە لێکۆڵینەوە بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان بانگی دادگا کراو وتی ئاگاداری بابەتەکە نیم و لیژنە ئەمنییەکە گرتویەتی، دواتی سەرۆکی لیژنە ئەمنییەکەیان بانگ کرد و پێی وتن کە من بە فەرمانی بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان رۆشتوم کارەکەم ئەنجام داوە، دواتریش کە روبەڕوکرانەوە بابەتەکە خرایە سەر بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکان، ئەوەبو بە کەفالەتی ۱٥ ملیۆن دینار ئازاد کرا.
 
دواتر لەبەر ئەوەی بەڕێوبەری گشتیە، نوسراو کراوە بۆ وەزارەتی شارەوانی کە کارەکەی نایاساییە و پێویستە ئیجرائات بکەن، هەروەها قسەی سەرۆکی شارەوانی رزگاریی و ئەندازیارێکی ئێمە وەرگیراوە. 
 
وتیشی لیژنەیەک دروستکراوە و چاوەڕێی بڕیاری لیژنەکەین بۆ ئەوەی قەرەبو بکرێینەوە بۆ ئەو پێنج مانگەی کە ئالیاتەکانمان حیجز بون.
 
رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی قسەی ئەو، چەند جارێک پەیوەندی بە بەرزان کەریم، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بێ وەڵام بو.