
رادیۆی دەنگ
ئێوارەی ئەمڕۆ گرژی لەنێوان ژمارەیەک بەرپرسی کوردی خانەقین و بەتایبەت پارلەمانتاری یەکێتی: سوزان مەنسور لەلایەک و ژمارەیەک چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی لەلایەکی تر، دروستبو.
لەم راپۆرتەدا لەسەر هۆکار و وردەکارییەکانی پشتەوەی روداوەکە دەوەستین.
دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازیی
لەلایەن بازرگانێکی خانەقینەوە بەناوی 'حازم شەکەرچی'، هەوڵی دروستکردنی ناوچەیەکی نوێی پیشەسازیی دەدرێت لە قەزاکەدا ئەم کارە لەلایەن بەرپرسانی شارەکە کە زۆرینەیان سەر بە یەکێتین، ناڕەزایەتی لەبارەیەوە هەیە و رەد دەکرێتەوە، تا گەیشت بەوەی بڕیاری تێکدانی ئەو دوکانانەی تیایدا دروستکراوە، بدرێت.
'حازم شەکەرچی' کێیە؟
حازم شەکەرچی بازرگانێکی ناسراوی خانەقینە، کوردی شیعەیە و برای 'محەمەد شەکەرچی' لێپرسراوی نوسینگەی خانەقینی رەوتی بەدرە بە سەرۆکایەتی هادی عامری.
بەوپێیەی براکەی بەرپرسە لە هێزی بەدر و ئەو هێزەش لەچوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دایە، بۆیە حازم بە بازرگانێکی نزیک لە حەشد دەناسرێت.
ئەم بازرگانە لە نیسانی ٢٠٢١ـدا لە سلێمانی لەلایەن هێزەکانی یەکێتییەوە دەستگیرکرا و ماوەیەک دەستبەسەر کرا، بەوهۆیەشەوە کەسوکارەکەی چونە سەر بارەگای ئاسایشی یەکێتی لە خانەقین.
دوای ماوەیەک حازم شەکەرچی لەلایەن یەکێتییەوە ئازادکرا و گەڕایەوە بۆ خانەقین و سەرقاڵی کاری بازرگانی بو.
لە رۆژی ٦ـی ئابی ٢٠٢١، لەکاتێکدا لەنێو نوسینگەکەی خۆیدا بو لەناو بازاڕی خانەقین لەگەڵ چەند کەسێکی تردا، لەلایەن کەسێکەوە بە تفەنگ هێرش کرایە سەر حازم و دەستڕێژی گوللە لە دوکانەکەی کرا و بەسەختی برینداربو.
تەقەکەرەکە دواتر دەستگیرکرا و دەرکەوت پێشمەرگەی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتییە، بەڵام مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی هەر ئەوکات راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لە بێبەرییبونی خۆی لە روداوە کردەوە و بە کارێکی شەخسی ئەو کەسە ناساندی.
تەقەکەرەکە ساڵێک دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی دیالەوە بە ١٥ ساڵ زیندانیی حوکمدرا.
کێشەی ناوچە پیشەسازییەکەی حازم شەکەرچی
حازم شەکەرچی لەماوەکانی رابردودا هەستاوە بە کڕینی ٢٢٧١ دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەناوچەی مەڵکشای خانەقین. وەکخۆی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا باسی دەکات، ئەو زەویانەی بە تاپۆیی کڕیوە و هی خۆیەتی.
لەم ماوەیەدا هەستاوە بە راگەیاندنی پرۆژەیەک بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازیی لە خانەقین لەسەر ئەو زەویانە، نەخشەی بۆ پرۆژەکەی کێشاوە کە لە ٤٠٠ دوکان پێکدێت و دەستی بە فرۆشتنی کردوە و هاوکات دەستی بە بونیادنانی کردوە.
ئەم کارە لەلایەن ئیدارەی خانەقین و یەکێتییەوە ناڕەزایەتی لێکەوتوەتەوە و دژی وەستاونەتەوە، هەربۆیە لە دیالە و بەغدا کاریان بۆ راگرتن و هەڵوەشاندنەوە و روخاندنی کردوە و لەم رۆژانەشدا فەرمانگەکانی خانەقین کۆنوسێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پرۆژەیە و روخاندنی واژوکردوە و بڕیار بوە ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە شوێنی پرۆژەکە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئەنجام بدرێت و دەست بە روخاندنی ئەو دوکانانە بکرێت کە سەرقاڵی دروستکردنیانن.
پاساوی لایەنە حکومییەکان ئەوەیە ئەو زەوییە کشتوکاڵییە و کوژاندنەوەی بۆ نەکراوە، بەوپێیەش پرۆژەکە زیادەڕۆییە و دەبێت بڕوخێت.
گرژییەکەی ئەمڕۆ و رۆڵی حەشد تیایدا
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەمڕۆ فەرمانگەکانی خانەقین و سوزان مەنسور- پارلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ویستویانە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامبدەن و دەستکردن بە روخاندنی پرۆژەکە رابگەیەنن بەو پێیەی زیادەڕۆییە.
لەوکاتەدا چەند ئۆتۆمبیلێکی چەکدارانی حەشد نزیک بونەتەوە لە شوێنی کۆنگرەکە، دواتر چەند کەسێکی نزیک یان سەر بە حازم شەکەرچی کە گوماندەکرێت چەکداری حەشد بن و بە جلی مەدەنییەوە دەرکەوتبن، ئاژاوەیەکیان دروستکرد و هێرشی زارەکییان کردە سەر سوزان مەنسور و بەرپرسانی دیکە، ئەمەش پشێوی دروستکرد و وایکرد کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەش ئەنجام نەدرێت
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵراگر و ستافی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان دەستلەکاردەکێشنەوە
-
-
هەواڵچالاكوانێك له گهرمیان: كهرتى تهندروستى گشتى بوه به قوربانى كهرتى تایبهت
-
-
راپۆرتمشتومڕى كارگهى ئاسنهكه بهردهوامه... یاساناسێك: یاسا پێشێلكراوه، فهرمانگهى ژینگه: یاسا پێشێل نهكراوه
-
-
هەواڵبۆ بەشداریی لە کۆنفرانسەکەی سبەینێ مەکۆی کەلارـی گۆڕان بوە بە دو بەشەوە
-
-
هەواڵبەڕێوبەری چاودێری کۆمەڵایەتی: لە دوهەفتەدا سەنتەرێکی ئۆتیزمی حکومی لە کەلار دەکەینەوە
-
زۆرترین بینراوەکان