کرێکارانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی گەرمیان بە مەرج بەردەوامن لە کارەکانیان
هەواڵ
12:12AM - 2024/05/01 , بینین : 195
 
دەنگ نێت
 
دوای ئەوەی کرێکارانی نەخۆشخانە حکومییەکانی سنوری گەرمیان بەهۆی لێبڕینی موچەکانیانەوە ناڕەزایەتیان دەربڕی، چاودێری کرێکارانی یەکێک لەو نەخۆشخانانە دەڵێت: کۆمپانیا بەڵێنی پێداین هەرکاتێک پارەی تەواویان پێدرا لەلایەن حکومەتەوە، پارەکانمان بۆ بگەڕێننەوە.
 
لەماوەکانی پێشودا کرێکارانی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار بەهۆی کەمکردنەوەی ١٠٠ هەزار دینار لە موچەکانیان لەلایەن کۆمپانیاوە. بایکۆتی دەوامیان کردو و خاوەنی کۆمپانیاکەش هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ داشکاندنی ئەو پارەیەی وەریدەگرن لەلایەن حکومەتەوە.
 
سەیوان جەبار، چاودێری کرێکارانی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، بە رادیۆی دەنگی وت: دوێنێ لەگەڵ کۆمپانیای خانەخوێ کۆبوینەوە و پێیان راگەیاندین کە بەهۆی داشکاندی ئەو بڕە پارەیەی بە کۆمپانیاکەیان دەدرێت لەلایەن حکومەتەوە، ناتوانن پارەی تەواو بە ئێمە بدەن، بەڵام بەڵێنی ئەوەیاندا کە هەرکاتێک پارەی تەواویان پێدرا لەلایەن حکومەتەوە، پارەکانمان بۆ بگەڕێننەوە.
 
وتیشی: کۆمپانیاکە پێی وتین هەرکەس نایەوێت دەتوانێت وازبهێنێت و هەر پارەیەکی لامانە پێی دەدەینەوە، هەربۆیە نزیکەی ٢٥ کرێکار دەستیان لەکارکێشایەوە.
 
کۆمپانیای خانەخوێ لە مانگی ٨ـی ساڵی رابردوەوە گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان کردوە بۆ ئەوەی پارەیان بۆ خەرجبکەن و پارەی سەرجەم کرێکارانی نەخۆشخانەکانی گەرمیان بدەن، بەڵام بەوتەی بەڕێوبەری کۆمپانیاکە، لە کۆی ٨ مانگ کارکردن، تەنها پارەی ٥ مانگیان پێدراوە بەلێبڕینی ٣٠٪ـەوە.