تائێستا ١٢ هەزار خێزانی گەرمیان ماون نەوت وەربگرن
هەواڵ
12:12AM - 2024/02/01 , بینین : 271
 
دەنگ نێت
 
لەگەرمیان تائێستا ١٢ هەزار خێزان ماون نەوت وەربگرن، بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیانیش دەڵێت: نزیکەی ١٥ رۆژە نەوتمان نەهێناوە، چونکە هاوڵاتیان وەریناگرن.
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان کە تایبەت دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، تائێستا ٥ ملیۆن و ٨٠٧ هەزار و ٥٧٨ لیتر نەوت گەشتوەتە سنورەکە، لەو بڕەش ٥ ملیۆن و ٧١٠ هەزار دابەشکراوە بەسەر هاوڵاتیاندا لەگەرمیان، کە ٢٨ هەزار و ٦٠٠ خێزان وەریانگرتوە و نزیکەی ١٢ هەزار خێزانیش ماوە نەوت وەربگرن.
 
سالار مەحمود، بەرپرسی هۆبە نەوتیەکان لەبەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: نزیکەی ١٥ رۆژە نەوتمان نەهێناوە، چونکە هاوڵاتیان نایەن بۆ وەگرتنی، لەکەلاریش خەڵک وەرینەدەگرت، بەڵام لەکفری دو تانکەر نەوتمان ماوە، هەرکەس بیەوێت وەرەقەی بۆ دەکەین.
 
دەشڵێت: هۆکاری زۆرە کە هاوڵاتی نەوت وەرناگرن، یەکێکیان ئەوەیە گەرمیان زۆر پێویستی بەبەکارهێنانی نەوت نیە، هەروەها لەبەرنەدانی موچە هاوڵاتی ناتوانێت وەریبگرێت، هۆکارێکی تریش گرانی نرخەکەیەتی.
 
ئەو نەوتەی کە دابەش دەکرێت، نرخی بەرمیلێکی سەروی ١٠٠ هەزار دینارە، هەرچی ئەو نەوتەیە کە بڕیارە حکومەتی عێراقی بینێرێت بۆ سنورەکە، ٥٠ هەزار دینارە و تائێستاش نەنێردراوە.