لە رێگەی بەڕێوبەرایەتی شەهیدانی گەرمیانەوە ١٠ کەس وەکو پۆلیس دادەمەزرێن
هەواڵ
12:12AM - 2024/01/16 , بینین : 497
 
دەنگ نێت
 
۱۰ کەس بەشێوەی گرێبەست وەکو پۆلیس بۆ سایلۆی گەرمیان دامەزراون، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: ناوەکان لەلایەن بەڕێوبەرایەتی شەهیدانەوە بەرزکراونەتەوە، بەڕێوبەری کاوباری شەهیدانیش دەڵێت: من گوێ نادەمە رێنمایی و هەرکەسێک سکاڵای هەیە با لە دادگا بیکات.
 
بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆ کە لە رۆژی ٥ـی ۱۲ـی ۲۰۲۳ دەرچوە و بۆ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان هاتوە فەرمان دەکات بەدامەزراندنی ۱۰ هاوڵاتی بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان کە ئەرکەکەیان لە سایلۆی گەرمیان دەبێت وەکو پاسەوان.
 
عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: ناوەکان لەرێگای ئێمە بەرز نەکراونەتەوە، هیچ پەیوەندیەکەی بەئێمەوە نەبوە، بەڵکو لەرێگەی بەڕێوبەرایەتی کاروباری شەهیدانی گەرمیانەوە ناوەکانیان بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
 
وتیشی: دواتر فەرمانەکە بۆ ئێمە هاتوە، تاوەکو ئێستا دەستبەکار نەبونە، چونکە دەبێت بێنە لای ئێمە مامەڵەی دامەزراندنیان بۆ بکەین، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک رەزامەندی و پشکنینیان دەوێت.
 
لایخۆشییەوە بەڕێوبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ جەختی لەوە کردەوە کە ناوی ۱۰ کەسیان لە کەسوکاری شەهید و ئەنفال بەرزکردوەتەوە بۆ ئیدارەی گەرمیان بەمەبەستی دامەزراندنیان.
 
جەبار محەمەد، وتیشی: بەرزکردنەوەی ئەو ناوانە رێکارە ئیدارییەکانی خۆی وەرگرتوە و لیژنە کردویەتی.
 
لەبارەی ئەوەی شێوازی دامەزراندنەکە چۆن بوە و ئایا بەپێی چ رێنماییەک کراون؟ جەبار محەمەد دەڵێت: ئێمە هەر گوێمان بە ڕێنمایی نەداوە، گوێبدەمە رێنمایی هیچ کەسێک لای من دانامەزرێت، چونکە رێنمایی دەڵێت لە ۲۳-٢٥ ساڵ تەمەنی زیاتر نەبێت، بەڵام ئەوانەی لای من ٤۰ ساڵ کەمتر نین.
 
دەشڵێت: هەرکەسێک سکاڵای هەیە با بچێتە دادگا و بیکات.