بەڕێوبەرایەتی کارەبای گەرمیان: ئەگەر خواست لەسەر کارەبا کەم بێتەوە سەعاتەکانی پێدانی کارەبا زیاتر دەبێت
هەواڵ
12:12AM - 2024/01/07 , بینین : 224
 
دەنگ نێت
 
لە گەرمیان رۆژانە نزیکەی ۱۱ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێت بە هاوڵاتیان، وتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت: ئەگەر خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا کەمبێتەوە ئەوا پێدانی کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکات.
 
پاش ئەوەی قایمقامیەتی قەزای کەلار بڕیاریدا بە هەوەشاندنەوەی کارنەکردن بە کارەبای مۆلیدە لە شەواندا، هەردی سەرکەوت، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: چارەسەرکردنی کێشەی زۆر هاتنەوەی پارەی کارەبا بە پچڕانی کارەبای مۆلیدە ناکرێت، بەڵکو بەزیادکردنی کارەبای نیشتمانی دەکرێت.
 
وتیشی: داوامان کردوە کارەبای نیشتمانی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی پارەی مۆلیدە ئەهلیەکان کەمتربێتەوە بۆ هاوڵاتیان.
 
لەبارەی ئەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی لە گەرمیان چەندە و ئایا بڕەکەی زیاد دەکرێت؟ وتەبێژی کارەبای گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە ئێستادا رۆژانە نزیکەی ۱۰ بۆ ۱۱ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێت بە هاوڵاتیانی سنورەکە.
 
ئالان ئەرکان، وتیشی: ئەگەر کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد و کەم بکات ئەبێ بەشە کارەباکەمان زیاد بکات، ئەویش دەبێت تێستی کارەبا بکرێتەوە کە بڕیارە لە مانگی ٤ ئەنجام بدرێت.
 
دەشڵێت: لەتێستەکەدا ئەگەر بڕەکەمان زیاتربو ئەوە کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات، هەروەها خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا کەمبێتەوە بەهەمان شێوە کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات.
 
بە وتەی ئالان ئەرکان، لەسەری ساڵەوە ئەو بڕە کارەبایەی کە لە گەرمیان دەبڕدرا بەوهۆیەی لە هاوین بڕە کارەبای زیاتری پێدەدرا، ئێستا وەرگیراوەتەوە و بەوهۆیەشەوە نزیکەی دو کاتژمێر کارەبا زیادیکردوە.