
دەنگ نێت
دوای ئەوەی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی نیشتەجێبونی بان سیتی لە کەلار کارەبای لە بەشدارێکی کوژاندەوە بەهۆی پێنەدانی قیستەوە، سەرجەم لایەنە حکومییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارەکە نایاساییە و نابێت کارەبا لە بەشداربوان بکوژێنرێتەوە.
رۆژی (٣٠ـی ١٢ـی ٢٠٢٣)، بەشداربویەکی پرۆژەی بان سیتی لە کەلار، ڤیدیۆیەکی بۆ رادیۆی دەنگ نارد تیایدا ئاماژە بەوەدەکات کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە هەستاوە بە بڕینی کارەبا لێی بەوهۆیەی قیستی نەداوە.
دواتریش کۆمپانیای ئایندەی بامۆک کە جێبەجێکاری پرۆژەی بان سیتییە، رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند: ئەو هاوڵاتییە چوار مانگە قیستی نەداوە بۆیە ئەو رێکارەی لەبەرامبەردا گیراوەتەبەر.
لایخۆیەوە رادیۆی دەنگ بەدواداچونی بۆ ئەو پرسە کرد کە ئایا کۆمپانیاکانی بۆیان هەیە بەشدارانی پرۆژە نیشتەجێبونەکان لە کارەبا بێبەش بکەن؟
ئالان ئەرکان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان دۆسیەی کارەبای نیشتمانییان لایە و مۆلیدە ئەهلییەکان لای ئەوان نییە، بۆ رادیۆی دەنگ وتیشی: ئەو هاوڵاتیە ئەگەر هاوبەشی كارەبای نیشتمانی كردبێت، كۆمپانیا مافی ئەوەی نیە ئەو كارەی كردبێت.
باسی لەوەشکرد: ئەو هاوڵاتییە ئەگەر کارەبای نیشتمانی بڕابێت، ئەوا دەتوانێت بێت و سكاڵا تۆماربکات لەبەرامبەر ئەوەی كارەباكەیان لێبڕیوە.
ئەو دانیشتوەی پرۆژەی بان سیتی، کارەبای مۆلیدەی لێبڕاوە، بەوهۆیەوە ناچار بوە خۆی مۆلیدەیەک دابنێت و کاری پێبکات.
لەوبارەشەوە، هەردی سەرکەوت- بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار، بە رادیۆی دەنگی وت: ئێمە لەگەڵ ئەوەنین بڕینی کارەبا وەک کارتی فشار بەکاربهێنرێت بۆ وەرگرتنەوەی قەرز و قیست.
وتیشی: ئەو هاوڵاتیە سەردانی کردوین و ئێمەش بەڕێوبەرایەتی وەبەرهێنانمان ئاگادارکردوەتەوە، چونکە ئەو پڕۆژەیە تائێستا سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیانە.
هاوکات بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان بەپێی نوسراوێک کە دوێنێ (٣ـی ١ـی ٢٠٢٤) دەریکردوە و وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، کۆمپانیای ئایندەی بامۆکی لەوە ئاگادارکردوەتەوە کە بە هیچ پاساوێک نابێت کارەبای پرۆژەکە لە بەشداربوان بکوژێنرێتەوە.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدانیشتویەکی گەڕەکی کەلاری نوێ: کۆمپانیا شوێنی شەقام و باخچەی کردوە بە خانو
-
-
هەواڵلیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان پێکدەهێنرێت
-
-
هەواڵدواى 5 مانگ هێشتا سهرۆكێكى نوێ بۆ شارهوانى باوهنور دانهنراوه
-
-
بەرنامەدۆخی دەرمان و پێداویستیی له نەخۆشخانەی گشتی کەلار چۆنە؟
-
-
راپۆرتبەشداربوانی پڕۆژەی 'قەڵای شێروانە سیتی' ناڕهزایهتى دهردهبڕن
-
زۆرترین بینراوەکان