کۆمەڵگای پیاو سیاسەت بە ژنان رەوا نابینێت
بەرنامە
12:12AM - 2022/02/27 , بینین : 332
 
رادیۆی دەنگ
 
سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا بەربەستەکانی بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسییدا تا رادەیەک هەڵگیراون، بەڵام لە ناوچەی گەرمیاندا بەربەستەکان زیاترن. بەشداریکردنى ژنان لە کایەى سیاسى لە گرنگترین رەگەزەکانى دیموکراسییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی وەچەرخانێکى سیاسى و کۆمەڵایەتی و ئابورییش دەبێت.
 
لە هەرێمی کوردستان، هێشتاش بەشداریی ژنان تا رادەیەک سنوردارە کە زۆر لە ژنانی چالاکی سیاسیی نیگەرانیی خۆیان لەو بارەوە دەردەبڕن. 
 
شەیما جەمال کوێخا، راويَذكار لة وةزارةتى كشتوكالَي هةريَم، وتى: "بیروباوەرى رۆشنبیرىی و ئاینیى و کۆمەڵایەتیى کۆمەڵگاى کوردیى بە گشتى و ناوچەى گەرمیان بەتایبەتى، رێگرە لە بەشداریکردنى ژنان لە کایەى سیاسیدا".
 
ئەو رەخنەی لە ژنانیش گرت کە ژنان خۆیان بەربەستیان دروستکردوە لە پێش خۆیان بەو پێیەى هەوڵنادەن خۆیان خۆیان دەربخەن یاخود بێنە پێشەوە بە هۆى ئەو تێگەشتنە هەڵەیەى کە لە ناخیاندا چەسپیوە، بەوەى کە سیاسەت تەنها کارى پیاوە."
 
عەقڵییەتی پیاوسالاریی کۆمەڵگای کوردیی وای کردوە ژنان لە سیاسەتدا هەمیشە لە پەراوێز بمێننەوە. ئەمە بۆ گەرمیان راستتریشە، هەر وەک شەیما دەڵێ، "کە بە پێى هەڵکەوتەى جوگرافى ناوچەى گەرمیان و باڵادەستیى پیاوان لە کۆنەوە، هەروەها لە غیابى دیموکراسیى و مافى مرۆڤ و هەیمەنەى عەقڵى عەشایەریى و ئاینیى و بارى ئابورى خەڵکى ناوچەکەو لاوازى حیزبە سیاسییەکان، بەشداریی ژنان سنوردار بوە".
 
لە پاڵ ترس و کەمیى بەشداریکردنى ژنان لە کایەى سیاسییدا، کۆمەڵیک ژن لە کایەی سیاسییدا هەن کە توانیویانە ئەو بەربەستانە بشکێنن و جیگاى خۆیان لە کایەى سیاسیى و کارگێڕیى ناوچەى گەرمیاندا بکەنەوە، ئەگەر چى هێشتا ئەو بەشدارییە لە ئاست بەشداریی ژنان لە دونیای پێشکەوتودا نییە.
نةغةدە محەمەد فایق، بەرپرسى ئەنجومەنى ئافرەتانى دەڤەرى گەرمیانی سەر بە یەکێتی ئافرەتانى کوردستان هاوڕایە کە لە هەرێمی کوردستاندا بەشداریی ژنان هێشتا لە ئاست چاوەڕوانیی رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان نییە.
 
وتى: "لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتى ئێمە پێویستى بە متمانەى زیاترى کۆمەڵگا هەیە، بەوەى هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان ئافرەت و پیاودا لە ئەنجامدانى کارى سیاسییدا، وەک دەبینین ئەو بوارانەشى کە ئافرەت تیایدا بەشدارە سەرکەوتو بوە".
 
ئەمەشی بۆ قسەکانی زیادکرد: “بۆ نەهێشتنى جیاوازیىە جێندەرییەکان، پێویستە رێژەى ئافرەتان زیاتر بێت لەم بوارەدا بۆ ئەوەى کەیسى ئافرەتان ببێت بە کەیسێکى گشتى کۆمەڵگا".
شەیما جەلال جەخت لەوە دەکاتەوە :"کەمتەرخەمیى ژنان خۆیان وناکۆکیی نێوان ژنان خۆیان لە هەمو رویەکەوە وایکردوە کە هەمیشە سیاسەت بۆ ژنان قوڕس بێت."
 
ئەو رەخنەش لە پیاوان دەگرێت کە تێگەیشتنێکیان لای ژنان دروستکردوە کە رای ژنان لە سیاسەتدا بە هەند وەرناگیرێت، هەر بۆیە ژنان دەڵێن “بۆچی خۆمان ماندو بکەین کاتێک راکانمان [لەلایەن پیاوانەوە] وەرناگیرێن".
 
ئاریان رەئوف، مامۆستاى زانکۆ سەبارەت بە بەشدارینەکردنى ژنان لە کایەى سیاسییدا لە گەرمیان دەڵێت:"لایەنى کۆمەڵایەتیى و رۆشنبیریى هۆکارى سەرەکیى بەشدارینەکردنى ژنانە".
 
باسی لەوەشکرد:"کە تۆخبونەوەى لایەنى کۆمەڵایەتیى لە ناوچەى گەرمیان لە ئێستا و لە رابردوشدا هۆکاری سەرەکیی پشتی بەشدارینەکردنی ژنانە".
 
ئەو رەخنە لە پیاوان دەگرێت کە ژنیان لە سیاسەت تۆراندوە چونکە  “ئەگەر ژنێک بە جۆریێک بەشدارى لە کارى سیاسیدا کردبێت بە جۆریێک ناشرین کراوە لە لایەن پیاوانەوە کە ترسى لە دڵى ژنانى ئەم جیلەى ئێستا دروستکردوە کە نەوێرن بەشدارى سیاسەت بکەن.
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.