وه‌ڵامێك بۆ به‌ڕێوبه‌رى ته‌ندروستى گه‌رمیان

2023/03/01    1825 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
دره‌نگانێكى شه‌وى رابردو و به‌ نه‌فه‌سێكى نامۆ به‌ كه‌سی فه‌رمی، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان پۆستێكى له‌باره‌ى راپۆرتێكى رادیۆكه‌مانه‌وه‌ له‌ هه‌ژمارى خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاوكردوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ نه‌مانویست وه‌ڵامى بده‌ینه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى بێده‌نگیمان به‌ لاوازیی هه‌ڵوێستى ئێمه‌ و به‌هێزی خۆی و قسه‌كانى نه‌زانێت، به‌ باشمان زانى ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ بخه‌ینه‌ پێش چاوى ئه‌و و هاوڵاتیانیش:
 
1. ئه‌وه‌ى له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، قسه‌ى ئێمه‌ نیه‌ هه‌تا تیره‌كه‌ى رو له‌ ئێمه‌ بكات، به‌ڵكو قسه‌ى دو به‌رپرسی خودی ده‌زگاكه‌یه‌تى، به‌ڵام نازانین بۆ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ڵامی قسه‌كانى ئه‌وان بداته‌وه‌ و هاتوه‌ به‌ ریزكردنى هه‌ندێك تۆمه‌ت و وته‌ و ده‌سته‌واژه‌ پۆسته‌كه‌ى درێژه‌ پێداوه و خۆی له‌ قه‌ره‌ى باسكردنى ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌ نه‌داوه‌! 
 
2. هه‌مو كه‌سێك تۆزێك فامی هه‌بێت ده‌زانێت دۆخی ته‌ندروستى له‌ گه‌رمیان خراپه‌، خودی به‌ڕێوبه‌رى گشتیش چه‌ندینجار دانى به‌مه‌دا ناوه‌ و له‌لامان تۆماره‌، هه‌ر دوێنێش له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێن: "کەرتی تەندروستی لە ناوچەکەدا بەدەست زۆر کێشەوە گیرۆدەیە"، كه‌چى له‌ بڕگه‌یه‌كى ئه‌و پۆسته‌ى دا كه‌ دره‌نگانى شه‌وى رابردو كردویه‌تى، دەڵێت: پێشەنگین!
مایه‌ى پێكه‌نین و هه‌م گریانیشه‌ كه‌ كه‌رتى ته‌ندروستى هاتوه‌ته‌سه‌ر ئه‌وه‌ى خێرخواز و خه‌ڵكى به‌ كۆمه‌ك ده‌ستگیرۆیی بكات، كه‌چى به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌یشى به‌و شێوه‌‌یه‌ قسه‌ بكات! 
 
3. جه‌نابی به‌ڕێوبه‌رى گشتى بیری چوه‌ كه‌ خۆی پله‌دارێكى ئه‌م حكومه‌ته‌یه‌، ئه‌م حه‌ره‌كه‌ی خۆ به‌ باش و جیاواز پیشاندانه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت بیكات خه‌ڵكى له‌ مێژه‌ تێریان لێخواردوه‌. ئه‌وه‌تا هه‌ر له‌ كۆمێنت دا بۆی نوسراوه‌ كه‌ له‌ بری 4 ساڵ 8 ساڵه‌ له‌و پۆسته‌دایت و "ساڵ به‌ ساڵیش خۆزگه‌م به‌پار".
 
4. مایه‌ى سه‌رسوڕمانه‌ به‌ڕێوبه‌رێكى گشتى به‌و نیوه‌ شه‌وه‌ ئه‌و هه‌مو قسه‌یه‌ بنوسێت، له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌رته‌ى كه‌ به‌ڕێوه‌ى ده‌بات به‌ قسه‌ى خودی خۆی تادێت خراپتر ده‌بێت، جارێك ئه‌مبوڵانس نیه‌ و جارێك به‌نزین، جارێك ده‌رمان نیه‌ و جارێك پشكنین و ئامێر و بینا و ...هتد و هیچ ئاسۆیه‌كیش بۆ چاره‌سه‌ر له‌ ئارادا نییه‌! ئه‌و توانا و كاته‌ى له‌ به‌ڕێوه‌بردن و چاككردنى كه‌رته‌كه‌دا به‌ هاوكارى ئێمه‌ و هه‌مو لایه‌ك به‌كاربهێنایه‌ باشتر بو وه‌ك له‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر ئێمه‌، چونكه‌ كێشه‌كه‌ خراپی ئێمه‌ نیه‌، به‌ڵكو خراپی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستیه‌كان و چۆنیه‌تى چاره‌سه‌ركردنیانه‌!
 
5. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، خۆڵ ده‌كاته‌ چاوی خه‌ڵكى و رادیۆكه‌مان تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ى راپۆرتى جیدی و بنكۆڵكاری ناكات، له‌كاتێكدا هه‌ر یه‌كه‌‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانى سه‌ر به‌ رادیۆكه‌مان، له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵ دا (30) راپۆرتى بنکۆڵکاریی جیدی له‌سه‌ر یه‌ك به‌ یه‌كى كێشه‌كانى كه‌رتى ته‌ندروستى گه‌رمیان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌و ده‌یان راپۆرت و هه‌واڵ و به‌رنامانه‌ى كه‌ رادیۆكه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌رته‌ به‌رهه‌می هێناون. هه‌مو كه‌سێكیش شایه‌تی بۆ ئه‌و رۆڵه‌ ده‌دات كه‌ رادیۆكه‌مان به‌ش به‌ تواناى خۆی له‌ 13 ساڵى ته‌مه‌نى دا له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی و چه‌وتى و ناهه‌قیه‌كاندا گێڕاویه‌تى و خودى به‌ڕێوبه‌رى گشتیش به‌ فه‌رمی و نا فه‌رمیش دانى به‌م رۆڵه‌ماندا ناوه‌ و ته‌نانه‌ت په‌یامى ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ كردوین‌، كه‌چى كه‌ راپۆرتێك بڵاوده‌بێته‌وه‌ و به‌دڵی نابێت، ئیتر هه‌مو كاره‌كانمان سفر ده‌كاته‌وه‌.
 
6. له‌ گه‌رمیاندا خه‌ڵكى له‌سه‌ر هه‌رچی ناكۆك بن، له‌وه‌دا تاڕاده‌یه‌ك كۆكن كه‌ ئه‌م به‌ڕێوبه‌رى گشتیه‌ى ته‌ندروستى گه‌رمیان سه‌ركه‌وتو نه‌بوه‌ له‌ چاككردنى دۆخی ته‌ندروستى. ته‌نانه‌ت پێش هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك، خودى ئه‌ندام و نوێنه‌ر و هه‌وادارانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان "ئه‌و حزبه‌ى كه‌ پۆسته‌كه‌ى پێداوه"‌، دژى وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و ره‌خنه‌یان لێگرتوه‌ و داواى گۆڕینیان كردوه‌. كۆمێنته‌كانى ئه‌و پۆسته‌یشى كه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ كردویه‌تى، به‌سن بۆ ئه‌وه‌ى راستى ئه‌و قسه‌یه‌مان و راده‌ى جه‌ماوه‌رێتى و خۆشه‌ویستی خۆی له‌ناو خه‌ڵكی دا بزانێت! 
 
رادیۆی ده‌نگ
1/3/2023
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,352,287     ژمارەی میوان 520