چۆن كورد له‌ دیاله‌ كورسیه‌كى دا به‌ عه‌ره‌ب؟

2021/10/18    1135 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ – یه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردن
 
پاش راگه‌یاندنى ده‌ره‌نجامى بەرایی سندوقه‌ جیاكراوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ بازنه‌ى چوارى دیاله‌ كه‌ قه‌زاى خانه‌قی ده‌گرێته‌وه‌، ده‌ركه‌وتوه‌ له‌و بازنه‌یه‌دا كورد ده‌یتوانى له‌ بری یه‌ك كورسیی، ٢ كورسیی بباته‌وه‌.
 
به‌پێی به‌دواداچونێكى یه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردنى رادیۆی ده‌نگ بۆ ده‌ره‌نجامى ده‌نگدانى بازنه‌ى چوارى پارێزگاى دیاله‌، لایه‌ن و كاندیده‌ كوردییه‌كان تا ئێستا تێكڕا (٣٢) هه‌زار و (١٨٧) ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ په‌سه‌ندكردنى جیاكردنه‌وه‌ى بەرایی دەنگی سندوقه‌كان. ده‌نگه‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌ن:
 
١. سوزان مه‌نسور (هاوپه‌یمانى نیشتمانى/ یه‌كێتى): ٢١ هه‌زار و ٧٢٢ ده‌نگ.
 
٢. جوان جاف (پارتى دیموكراتی كوردستان): ٧ هه‌زار و ٣٥٥ ده‌نگ.
 
٣. ده‌ماوه‌ند جه‌لیل (حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان): ١ هه‌زار و ٥٠٧ ده‌نگ.
 
٤. فریال حه‌سه‌ن زڕگۆشی هاوپه‌یمانى (نهج الوطنی): ٦٤٥ ده‌نگ.
 
٥. جیان تۆفیق (حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان): ٢٧٩ ده‌نگ.
 
٦. ره‌حمان فه‌رمان (سه‌ربه‌خۆ): ٢٥١ ده‌نگ.
 
٧.  ئه‌مه‌ل عومران (هاوپه‌یمانى منتج الوطنی): ٢١٨ ده‌نگ.
 
٨. میدیا جه‌مال (سه‌ربه‌خۆ): ٢١٠ ده‌نگ.
 
به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌كان، سێ كاندیده‌ ده‌رچوه‌كه‌ى ئه‌م بازنه‌یه‌ بریتین له‌:
 
 ١. سوزان مه‌نسور (هاوپه‌یمانى كوردستانى/ یه‌كێتى): ٢١ هه‌زار و ٧٢٢ ده‌نگ.
 
 ٢. مزر  كروی (پێكهاته‌ى عه‌ره‌بی/ هاوپه‌یمانى عه‌زم): ١٦ هه‌زار و ٩٨٠ ده‌نگ.
 
٣.  ئه‌حمه‌د جبوری (پێكهاته‌ى عه‌ره‌بی/ هاوپه‌یمانى تەقەدم): ١٣ هه‌زار و ٢٧٨ ده‌نگ.
 
به‌پێی شیته‌ڵكردنى ده‌ره‌نجامه‌كان، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كورد ده‌یتوانى كورسییه‌كى ترى ئه‌م بازنه‌یه‌ به‌ده‌ستبێنێت، به‌ڵام په‌رته‌وازه‌یی ریزه‌كانى وایكرد ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ى له‌ده‌ست بچێت، بۆ ئەمەش ٢ سیناریۆ هەیە:
 
سیناریۆی یه‌كه‌م
 
شیته‌ڵكردنى ئه‌نجامه‌كان ده‌ریده‌خات ئه‌گه‌ر كورد له‌م بازنه‌یه‌دا به‌ هاوبه‌شى و یه‌ك لیست به‌شداریی بكردایه‌ و دو كاندید (ژن و پیاوێك)ی هه‌بوایه‌، هه‌ردو كاندیده‌كه‌ى ده‌رده‌چو، چونكه‌ له‌م بازنه‌یه‌دا به‌رزترین ده‌نگ پاش سوزان مه‌نسور، مزر كروییه‌ كه‌ ١٦ هه‌زار و ٩٨٠ ده‌نگه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نى كوردیی پیاوێكى كاندید بكردایه‌ و وا ئاراسته‌ى ده‌نگده‌ره‌كانى بكردایه‌ كه‌ زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كان بۆ ئه‌و بچوایه‌، ئه‌وا ده‌یتوانى كورسیه‌ك بۆ ئه‌م كاندیده‌ پیاوه‌ى مسۆگه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش به‌س بو بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ر بكه‌وێت، چونكه‌ ده‌نگى ئه‌و كاندیده‌ پیاوه‌ كورده‌ له‌ هه‌مو حاڵه‌تێكدا له‌ سه‌روى ٢٠ هه‌زاره‌وه‌ ده‌بو، كه‌ ئه‌مه‌ش زیاتره‌ له‌ ده‌نگى كاندیدی لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان.
 
هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌نگه‌یشی كه‌ ده‌مایه‌وه‌، به‌ پشت به‌ستن به‌ سیسته‌مى كۆتا، ژنه‌ كاندیدێكیشی پێ ده‌رده‌چوێنرا، چونكه‌ ئێستا زۆرترین ده‌نگێك كه‌ كاندیدی ژن به‌ده‌ستى هێنابێت له‌ دواى سوزان مه‌نسوره‌وه‌، جوان جافی كاندیدی پارتیه‌ كه‌ (٧) هه‌زار و (٣٥٥) ده‌نگه‌، به‌ڵام به‌وهۆیه‌ى براوه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م بازنه‌یه‌ ژنه‌ (سوزان مه‌نسور) بۆیه‌ ئه‌و له‌ بردنه‌وه‌ى كورسی كۆتا بێبه‌ش بوه‌.
 
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ له‌نێو كاندیده‌ ژنه‌كانى لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان، زۆرترین ده‌نگ كه‌ كاندیدێكى ژن به‌ده‌ستیهێنابێت (ریام كروی)یه‌ كه‌ (٢) هه‌زار و (٧٤٢) ده‌نگه‌، هه‌روه‌ك كۆی ده‌نگى ژنانى كاندیدی عه‌ره‌بی ئه‌م بازنه‌یه‌ كه‌ ٨ كاندیدن، (٢) هه‌زار و ٤٧٤ ده‌نگه‌، له‌كاتێكدا كۆی ده‌نگى كاندیده‌ ژنه‌ كوردییه‌كان كه‌ ٧ كاندیدن، تێكڕا (٣١) هه‌زار و (٩٣٦) ده‌نگه‌، ئه‌مه‌ش جیاوازیه‌كه‌ له‌نێوان كاندیده‌ كورد و عه‌ره‌به‌كان ده‌رده‌خات.
 
سیناریۆی دوه‌م
 
لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت دو ژنیشیان كاندید بكردایه‌، به‌ڵام ده‌نگده‌رانیان ئاراسته‌ بكردایه‌ كه‌ وه‌كو یه‌ك ده‌نگ به‌ده‌ستبێنن، ئه‌وا هه‌ردوكیان ده‌یانتوانى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنن، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌وه‌ى ده‌رچوى سێیه‌مى ئه‌م بازنه‌یه‌ ١٣ هه‌زار و ٢٧٨ ده‌نگی هێناوه‌، له‌كاتێكدا كۆی ده‌نگى لایه‌ن و كاندیده‌ كوردییه‌كان (٣٢) هه‌زار و (١٨٧) ده‌نگه‌ و به‌ دابه‌شكردنى به‌سه‌ر 2 كاندید دا یه‌كی سه‌روى ١٦ هه‌زار ده‌نگیان به‌رده‌كه‌وێت.
 
به‌ڵام به‌وپێیه‌ى ده‌ره‌نجامى به‌شداریی و ده‌نگه‌كانى بازنه‌كه‌ پێشبینی نه‌كراوه‌، ئه‌م سیناریۆیه‌ مه‌ترسیی زۆرتره بۆ به‌ده‌ستهێنانى هه‌ردو كورسیه‌كه‌‌.
 
بنه‌مایه‌ك بۆ نه‌خشه‌ى هه‌ڵبژاردنی داهاتو
 
ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له‌ نه‌خشه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ بدرێت، رونه‌ كه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان جگه‌ له‌وه‌ى له‌ناو یه‌كدا ته‌با نین و نه‌یانتوانیوه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ك ساز بكه‌ن، هاوكات به‌رچاویشیان رون نه‌بوه‌ له‌وه‌ى تاچه‌ند كاندیدیان سه‌ركه‌وتو ده‌بێت و ته‌نانه‌ت چه‌ند ده‌نگ به‌ده‌ستدێنن، ئه‌ویش به‌و به‌ڵگه‌یه‌ى كه‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان كاندیده‌كانیان ژن بوه‌، به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گومانیان هه‌بوه‌ بتوانن كاندیدێكى پیاو ده‌رچوێنن به‌هۆی بونى كێبڕكێی به‌هێز له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان، ویستوشیانه‌ ئه‌م ریسكه‌ نه‌كه‌ن و به‌ كاندیدكردنى كاندیدی ژن، لانی كه‌م بتوانن كورسی كۆتای ئه‌م بازنه‌یه‌ به‌ده‌ستبێنن.
 
به‌ڵام ئه‌م پێدراوانه‌، ئه‌گه‌ر بۆ ئێستا بوبن به‌ مێژو و روداوێكى تێپه‌ڕ، ئه‌وا بۆ داهاتو وه‌كو بنه‌مایه‌ك ده‌توانرێت پشتى پێببه‌سترێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بتوانن گوتارى نیشتمانى به‌سه‌ر گوتارى حزبیی دا زاڵ بكه‌ن، ئه‌وا ده‌توانن دو له‌سه‌ر سێی كورسیه‌كانى ئه‌م بازنه‌یه‌ به‌ده‌ستبێنن كه‌ به‌رده‌وام و هه‌میشه‌ دروشمی كوردستانى بونى به‌ باڵادا ده‌ڵێنه‌وه‌!
 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,352,427     ژمارەی میوان 660