راگەیەنراوی رادیۆی دەنگ لە ساڵیادی دەیەمینی دامەزراندنی دا

2/6/2020 1    1437 جار بینراوە
 
 
ئەمڕۆ (٦ی شوباتی ٢٠٢٠)، ١٠ ساڵ بەسەر یادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگ وەکو یەکەمین و تاکە رادیۆی ئەھلی ئازاد لە گەرمیان تێدەپەڕێت.
 
لەکاتێکدا یادی دامەزراندنی رادیۆکەمان دەکەینەوە کە زیاتر لە ھەر سەردەم و کاتێکی تر، رۆژنامەوانیی ئەھلی و ئازاد لەبەردەم ئالەنگاریی و سەختی زۆر دایە، بەتایبەتی لە ساڵی رابردودا ئاستەنگە یاساییەکانیشی بۆ سەربار بو کە وەک تێبینی دەکرێت لەم ماوەیەدا دادگاکان جۆرێک لە سەنگەرگرتنیان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی ئازاد پیشاندا، ھەر لە کارنەکردن بە یاسای کاری رۆژنامەوانی لە دۆسیەکانی رۆژنامەوانان، ھەتا دەستگیرکردن و راگرتنیان.
 
ھەمو ئەم پێدراوانە لەلایەک قەبارەی ئەو فشارانە پیشان دەدەن کە دەخرێتە سەر رۆژنامەوانیی ئازاد، لەلایەکی تریشەوە دەرخەری ئەوەیە کە ژینگەی کاری رۆژنامەوانیی ئازاد لە ھەرێمی کوردستان چەند نەگونجاو و چەند سەرەتاییە.
 
ئەم پێدراوانەش پێویستیی بون و بەردەوامیی پرۆژە و دەزگا و ھەوڵە میدیایی و رۆژنامەوانییە ئەھلی و ئازادە جیدییەکان تۆختر دەکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی رۆژنامەوانی رۆڵی راستی خۆی بگێڕێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی، ھەر ئەمەشە کە ھانی ئێمەی لە رادیۆی دەنگ داوە بۆ ئەوەی لە داھاتو دا ھاوشێوەی ١٠ ساڵی رابردو مکوڕ و بەردەوام بین.
 
پیرۆزە ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگ، سوپاس و دەستخۆشیی بۆ ئەو ھاوڕێیانەی لەم ١٠ ساڵەدا ھاوکار و پشتیوانمان بون و رۆڵیان لە بەردەوامی و بەرەوپێشچونی پرۆژەکەدا ھەبوە، درودیش دەنێرین بۆ رۆحی شەھیدانی رێگای ئازادیی و شەھیدانی قەڵەم و بەتایبەت ھاوڕێی رۆژنامەنوسمان (شەھید کاوە گەرمیانی).
 
 
ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی رادیۆی دەنگ
٦/٢/٢٠٢٠
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,150,729     ژمارەی میوان 317