"تا تەمەنم بەرەو سەرەوە هەڵکشێت، خەمەکانم زیاتر کەڵەکە دەبن"

2022/02/27    1091 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
هەرچەندە باوکی رێگرە لە بەردەم چونی بۆ نێو ژیانی هاوسەرگیری، بەڵام شۆخانی (32 ساڵ) هەمیشە نزای سەلامەتی بۆ باوکی دەکات، چونکە تەنها ئەویان هەیە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان بۆ پەیدا بکات.
 
شۆخان، ناوی خوازراوی کچێکی دانیشتوی قەزای کەلارە، یەکێکە لەو دەیان "قوربانی"یەی کە رێگریەکانی باوکی لە چونی بۆ نێو ژیانی هاوسەرگیری، خەریکە بەرەو قەیرەیی دەیبات.
 
شۆخان کە رەشبینی و نائومێدی باڵی بەسەر روخساریدا کێشابو، ئاماژەی بەوەکرد زیاتر لە دە کەس چونەتە خوازبێنی و هەوڵیانداوە ژیانی هاوسەری لەگەڵ پێکبهێنن، بەڵام باوکی رێگری لە شو کردنی کردوە "باوکم دەڵێت ئێوەم بە بەدبەختی گەورە کردوە، رێگە نادەم شو بکەن."
 
شۆخان کە کچی ماڵەوەیە، تەنها خەم بۆ داهاتوی خۆی ناخوات، بەڵکو هەمیشە بیر لە داهاتوی ئەو پێنج خوشکەشی دەکاتەوە کە سەرجەمیان تەمەنیان لەسەروی هەژدە ساڵیەوەیە. وتی: "باوکم رێگەی نەداوە هیچکام لە خوشکانی تریشم ژیانی هاوسەری پێکبهێنن."
 
هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی ئەو کچانە لەبەردەستدا نیە کە باوکیان رێگربوە لەبەردەم چونیان بۆ نێو ژیانی هاوسەری، بەڵام زۆری ژمارەی کچانی قەیرە لەو قەزاو ناحیانەی کە دورە دەستن، ئاماژەن بۆ بەردەوام بونی ئەو دیاردەیە.
 
زۆربەی ئەو باوکانەی رێگرن لەبەردەم شو کردنی کچەکانیاندا، ئەوانەن کە نەخوێندەوارن و هێشتا بیرکردنەوەی خێڵەکی بەسەریاندا زاڵە و شو کردنی کچەکانیان بە"عەیبە"دەزانن.
عەباس مەحمود، توێژه‌رى ده‌رونى، ئاماژەی بەوەکرد رێگری کردن لە شو کردنی کچان گرفتی کۆمەڵایەتی و دەرونی لێدەکەوێتەوە "زۆربەی ئەو کچانەی شو ناکەن و قەیرە دەبن، دواتر توشی خەمۆکی و گۆشەگیری دەبن."
 
باسی لەوەشکرد "هۆکاری کلتوری و کۆمەڵایەتی پاڵنەری ئەو باوکانەن کە رێگە نادەن کچەکانیان شو بکەن."
 
بەپێی یاسای باری کەسێتی عێراقی، هەر کچێک تەمەنی بگاتە 18 ساڵ مافی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری هەیە لەگەڵ هەر کورێکدا کە خۆی بیەوێت .
 
رێگری کردنی باوک و کەس و کار لە شوکردنی کچان، دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژیەوە بەرانبەر بە ژنان و لە یاسای ژمارە (11) ی ساڵی 2011 دا کە تایبەتە بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئاماژەی پێدراوە.
 
شۆخان، هەرچەندە رێگریەکانی باوکی لە چونە نێو ژیانی هاوسەری ژیانی لا تاڵ کردوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیە سەنگەری یاسا لەباوکی بگرێت. وتی: "باوکمم زۆر خۆش دەوێ و هەمیشە نزای سەلامەتی بۆ دەکەم، چونکە باوکم هەمو شتێکی بۆ دابینکردوین و رۆژێک کار نەکات پێمانەوە دیارە."
 
بەپێی وتەی شۆخان، باوکی دڵیان ناشکێنێت و چیان بوێت بۆیان جێبەجێ دەکات، بەڵام لەمەسەلەی شوکردنیان دا زۆر توندە و قسەی چەندین هاورێی نزیکی خۆی شکاندوە، کەداوایانلێکردوە رێگە بەکچەکانی بدات بۆ ئەوەی شو بکەن.
 
رێگری کردن لە شو کردنی کچان و توندوتیژی نواندن بەرانبەریان، رەگێکی قوڵی هەیە و بۆ سەردەمی پێش پێغەمبەری ئیسلام دەگەرێتەوە، کە کچان لەلایەن باوک و کەس و کاریانەوە و بۆ ئەوەی بە شو نەدرێن زیندە بەچاڵکراون.
 
مەلا ئیدریس ژاڵەیی، کارگێری لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام، ئەوەی خستەڕو لە روی ئاینیەوە باوک ناتوانێت رێگر بێت لەبەردەم شو کردنی کچ دا "هەر باوکێک رێگر بێت لەبەردەم شو کردنی کچەکەیدا، تاوانبار دەبێت."
 
رونیشیکردەوە ئەو باوکانەی رێگرن لەبەردەم شوکردنی کچەکانیاندا رۆڵیان هەیە لە بڵاو بونەوەی "فەساد"دا. وتی: "پێغەمبەر فەرمانی کردوە کچ کە باڵغ بو دەبێت بدرێتە شو."
 
رێگری کردنی باوکان لەچونە نێو ژیانی هاوسەری، کچان لە خەونەکانیان بێبەش دەکات و بەشێک لەو کچانەش ژیانیان بە گۆشەگیری و دورەپەرێزی و هەندێکجار بەخۆ کوشتنیش کۆتایی دێت 
 
شۆخان جەمال ، کە فرمێسک لەچاوەکانی قەتیس مابو. وتی: " تا تەمەنم بەرەو سەرەوە هەڵکشێت، خەمەکانم زیاتر کەڵەکە دەبن"، وتیشی: "پێکهێنانی ژیانی هاوسەری و بون بەدایک گەورەترین ئاواتمە، بەڵام وا بڕوات ئاواتەکەم دەبەمە ژێر گڵ."
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,177,536     ژمارەی میوان 279