پارتی "هەڵەکەی" یەکێتی لەگەرمیان دوبارە کردەوە
هەواڵ
01:01PM - 2025-11-14 , بینین : 1,130
 
رادیۆی دەنگ
 
ئەو هەڵەیەی یەکێتی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە گەرمیان کردی، پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوبارەیکردەوە و لێی زیانمەند بو، وەکچۆن یەکێتی زیانی لێکرد.
 
لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، یەکێتی نیشتمانی لە سنوری گەرمیان (10) کاندیدی دانابو. ئەم زۆریی کاندیدە وایکرد دەنگەکان پەرت بن و نەبنە هۆی سەرخستنی کاندید، لەکاتێکدا ئەو حزبە لە گەرمیان سەروی 20 هەزار دەنگی هێنابو.
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی هەمان کاری کردەوە، ئەویش کاتێک (4) کەسی لە گەرمیان کاندید کرد.
 
کاندیدکردنی ئەو چوار کەسە، بوەهۆی ئەوەی دەنگی ئەو حزبە هاوشێوەی ئەوەی یەکێتی پەرت بێت و هیچ کاندیدێکی سەرکەوتو نەبێت لە بەدەستهێنانی کورسی.
 
لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، 2 کورسی بەدەستهێناوە، کورسی دوەمیان کە بەر فاروق محەمەد "حاکم فاروق" کەوتوە، بە (4520) دەنگ براوە بوە، لەکاتێکدا ئەو چوار کاندیدەی پارتی لە گەرمیان پێکەوە، (7800) دەنگیان هێناوە. بەوپێیەش ئەگەر حزبەکە یەک کاندیدی هەبوایە لە گەرمیان و قورسایی بخستایەتەسەر، سەرکەوتو دەبو لەبەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان.